رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی تۆزوخۆڵە و پلەی گەرمایش بەرزدەبێتەوە؛ کەشناسێکیش دەڵێ، "پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ پلەی گەرما بگاتە 45 پلەی سیلیزی."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پلەی گەرما یەک تاوەکو سێ پلە بەزردەبێتەوە و ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 23-06-2026 د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێ پلەی گەرما لە هەولێر و کەرکووک، دوو سێ پلەی دیکە بەرزببێتەوە و بگاتە 44 و 45 پلەی سیلیزی؛ لە گەرمیان یەک دوو پلە بەرزتریش دەبێت."
سەبارەت بە تۆزوخۆڵ، د. لوقمان موفتی دەڵێت، "پێشبینی دەکرێ دوای نیوەڕۆ، بەهۆی چالاکی بای باکووری خۆرئاوا و بای خۆرئاوا، هەندێک تۆزوخۆڵ بەرزببێتەوە؛ بە تایبەتی لە باشوور و رۆژئاوای هەرێمی کوردستان، بەڵام زۆر چڕ نابێ و مەودای بینین لە دوو کیلۆمەتر زیاتر دەبێ. ئەم ساڵ بە هۆی بارانی زۆر لە ناوچەکانی سەرچاوەی تۆزوخۆڵ کەمترە بەراود بە ساڵانی رابردوو."
پلەی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەم شێوەیە:
هەولێر: 43 پلەی سیلیزی
پیرمام: 39 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 42 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە:45 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 44 پلەی سیلیزی
دهۆک: 43 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 44 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 43 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 48 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 33 پلەی سیلیزی
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ رۆژانی داهاتوو پلەی گەرما چەند پلەیەک دابەزێتەوە."
هەردوو کەشناس پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ تۆزوخۆڵ دەستپێدەکات و سبەیش بەردەوام دەبێ.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئاسمان ساماڵ دەبێت و تۆزوخۆڵیش بەرزدەبێتەوە؛ هاوکات مەودای بینین کەم دەبێ؛ پلەی گەرما، چوار تاوەکو شەش پلە نزم دەبێتەوە، خێرایی با زیاد دەکات؛ بۆ ماوەی یەک هەفتە کەشوهەوا بە جێگیری دەمێنێتەوە و پلەی گەرما لە خوار 40 پلەی سیلیزی دەبێت.
بە گویرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی، بەم شێوەیە:
هەولێر: 38 پلەی سیلیزی
پیرمام: 36 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 37 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 39 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 39 پلەی سیلیزی
دهۆک: 37 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 37 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 38 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 40 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 24 پلەی سیلیزی




