رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان سەرکۆنەی مامەڵەیەکی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر رۆژنامەڤانێک دەکات و دەڵێ، ناکرێ سەرۆکی یەکێتی لە دەرەوەی حیزبەکەی بەو شێوازە رەفتار بکات.
دوێنێ دووشەممە 22-6-2026 ژمارەیەک رۆژنامەڤان لە سلێمانی ویستییان هەندێک پرسیار لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەن، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا کە لەبارەی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، سەرۆکی یەکێتی گوتی: "کەی وەختی نەوەی نوێیە، هەی حوشتر".
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شێوازێک لە ئەدەبیاتی مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان هەیە کە دەبێت پەیڕەوبکرێ ".
هەر لەو بارەیەوە سەنتەری میترۆ لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، گوتی، ئەو مامەڵەیەی سەرۆکی یەکێتی "شەرمەزارکەرە. بێدەنگیی هاوکارەکانیشی کە لە بەردەمیدا بوون، شەرمەزارییەکی دیکەیە".
سەنتەرەکە دەڵێ، چاوەڕوانی ئەوە بوون دامەزراوەیەکی یەکێتی داوای لێبووردن بکات، بەڵام "بێدەنگ کراون".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەگەر بەرپرسی لقی 4ی پارتی ئاری هەرسین، ئەو سووکایەتییەی بە رۆژنامەنووسێکی یەکێتی بکردایە چی روودەدا؟ ئایا هەمان بێدەنگی و هەمان هەڵویستی دێزەبەدەرخۆنە دەبوو؟"
میترۆ داوا لە رۆژنامەڤانان دەکات بێ ترس بەرگری لە خۆیان بکەن و نیگەرانە لە "بێدەنگی هاوکارانی ئەو رۆژنامەنووسە و لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتی".




