رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی، چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و دوو تەوەری سەرەکی تاوتوێ بکات. یەکێکیان تایبەتە بە رێککەوتنی گومرگیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا و ئەوەی دیکەیان تایبەتە بە دیاریکردنی کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکاران لە کەرتی تایبەت.
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە بڕگەی یەکەمدا پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵی و گومرگی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکودا دەخرێتەڕوو کە رۆژی 18ی حوزەیران لە بەغدا واژۆکراوە.
هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکان رادەسپێردرێن بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی بۆ ئامادەکاریی پەسندکردنی کۆتایی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار دەخرێتەڕوو و بڕیاری لەسەر دەدرێت. ئەو بڕە پارەیەش لە خەزێنەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دابین دەکرێت.
بڕیارە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سبەی چوارشەممە 24/6/2026 لە کاژێر 10:00 لە هۆڵی مامۆستا سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوەبچێت.



