رووداو دیجیتاڵ
دوای گلەیی و سکاڵای ژمارەیەک هاونیشتمانی لە ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ سەبارەت بە بڕیاری رووخاندنی خان و گەوڕەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ، بەڕێوەبەری ناحیەکە رایدەگەیێنێت، سەرجەم ئەو زێدەڕۆیی و شوێنە گشتییانەی لە ناو ماڵان و سەنتەری شارۆچکەکەدان و بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و بێزارکردنی خەڵک، لادەبرێن. ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ ئەو گەوڕانەی دوورن لە ماڵەکانەوە، رێکاری یاسایی دەدۆزنەوە.
چەند هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی (تەکیەی کۆن) لە رێگەی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداوەوە نیگەرانیی خۆیان نیشان دا و رایانگەیاند، نزیکەی 200 خێزان لەو سنوورە بژێوییان لەسەر بەخێوکردنی ئاژەڵە، بەڵام شارەوانی بە ناوی "زێدەڕۆیی" دەیەوێت خانەکانیان بڕووخێنێت.
گلەیی 40 هەزار دانیشتووان و بێزارکردنی خەڵک
ئومێد لەتیف، بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە بۆ رادیۆی رووداو، هۆکاری گرتنەبەری ئەم رێکارانەی روون کردەوە و رایگەیاند، "ناحیەی تەکیە زیاتر لە 40,000 دانیشتووان و 8,000 ماڵی تێدایە، هاونیشتمانییان سکاڵایان هەیە لە بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و مەترسیی تووشبوونی منداڵەکانیان بە نەخۆشی بەهۆی ئەم ئاژەڵانەوە. لە ناوچەکەدا زیاتر لە 200 گەوڕ هەن کە سیمایەکی نەشیاویان بە شارۆچکەکە بەخشیوە."
دوا مۆڵەت کۆتاییهاتووە و سەرپێچییکاران ئاگادارکراونەتەوە
بەڕێوەبەری ناحیەکە ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆسەی لابردنی زێدەڕۆییەکان کتوپڕ نەبووە و چەندین جار مۆڵەت بە خاوەن ئاژەڵەکان دراوە، لەمبارەیەوە گوتی، "لەبەر وەرزی زستان مۆڵەتمان دانێ تاوەکو 1ی ئایار، دواتر بەهۆی بەردەوامیی بارانبارین مۆڵەتەکەمان تاوەکو 1ی حوزەیرانی رابردوو درێژ کردەوە. دواجار ئاگادارکردنەوەی 48 کاژێریمان پێ دان؛ هەندێک کەس هاوکار بوون و خۆیان لایان برد، ئەوانەشی لایان نەبرد، لە رێگەی تیمەکانی شارەوانی، پۆلیس، ئاسایش و هاتووچۆوە دەستمان بە لابردنی زێدەڕۆییەکانیان کردووە."
جیاوازی لە نێوان ناو ماڵان و دەرەوەی شار دەکرێت
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو خانووە قوڕانەی کە مێژوویەکی کۆنیان هەیە یان دوورن لە ئاوەدانی، ئومێد لەتیف روونی کردەوە:
شوێنەکانی ناو ماڵان: بە تەواوی لادەبرێن و ئاژەڵەکانیان لێ دوور دەخرێنەوە، چونکە سکاڵای یاساییان لەسەرە.
شوێنەکانی دەرەوەی شار: ئەو گەوڕ و خانانەی کە دوورن لە ماڵەکانەوە و سکاڵایان لەسەر نییە، ئیدارەی ناحیەکە رێکارێکی یاساییان بۆ دەدۆزێتەوە تاوەکو نە خەڵک گلەیی بکات و نە خاوەن ئاژەڵەکانیش زەرەرمەند ببن.
ئایا شوێنی جێگرەوە بۆ خاوەن ئاژەڵەکان دابین دەکرێت؟
سەبارەت بە دابینکردنی شوێنێکی تایبەت لە دەرەوەی شار بۆ ئەو خاوەن ئاژەڵانە، بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە گوتی: "ناتوانین شوێنیان بۆ دابین بکەین، چونکە زەویی تایبەتمان بەم مەبەستە نییە. زۆربەی ئەم خاوەن ئاژەڵانە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەرن و دەتوانن لە گوندەکانی خۆیاندا بەردەوامی بە کارەکەیان بدەن کە شوێنی گونجاوە بۆ ئاژەڵداری و چیدیکە بوار بۆ مانەوەیان لە ناو سەنتەری شاردا نەماوە."



