رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕیی سەنتەری تیشکی رانیە وەڵامی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین دەداتەوە و دەڵێ، ئەو کێشەیەی ئەمڕۆ دروستبوو، بۆ بێ پلانی و کەمتەرخەمیی 10 ساڵەی تەندروستیی ناوچەکە دەگەڕێتەوە نەک کارمەندەکان؛ ئاماژە بەوەش دەکات ئەو کارمەندەی سزادراوە، تەنیا 11 خولەک دوای ئاگادارکردنەوە گەیشتووەتە سەنتەرەکە.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا دەردەکەوێ بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە لە سەنتەری تیشکی رانیە، هاووڵاتییان خۆیان پشکنینی تیشکیان بۆ بریندارەکانی رووداوی هاتووچۆکەی ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی حوزەیران لە سنوورەکە دەکرد، کە تێیدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون. بەو هۆیەوە لیژنەیەک لەو کەیسە پێکهێندرا.
تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەیەکمان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتیی راپەڕین دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و هەر کەسێک لەم دۆسیەیەدا کەمتەرخەم بووبێت، رووبەڕووی رێکاری تووندی یاسایی دەکرێتەوە."
دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین لە روونکردنەوەیەکدا ئەنجامی کارەکانی لیژنەکەی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، سەرەڕای پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە بریندارەکان، لەپێناو پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان و دووبارەنەبوونەوەی ئەو دۆخە، لیژنەکە بڕیاری سزادانی بۆ کەمتەرخەمەکانی دەرکرد.
ئەمشەو کارگێری سەنتەری تیشکی رانیە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لیژنەکە بێ ئەوەی باسی هۆکار و ئەنجامەکان بکات، راستەوخۆ کەوتووەتە "سزا بەخشینەوە."
کارگێری سەنتەرەکە دەڵێت، "کارمەندی ئیشکگر تەنیا 11 خولەک دوای تەلەفۆنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن گەیشتووەتە شوێنی کارەکەی، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە چەندین جارە نەخۆش رەوانەی سەنتەر دەکرێت و درەنگ کارمەندەکانمان ئاگادار دەکرێنەوە."
لە راگەیێندراوەکدا هاتووە، زیاتر لە 10 ساڵە داوای کڕینی ئامێرێکی سی تی سکان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە دەکەن، بەڵام تەندروستیی راپەڕین نەیتوانیوە دابینی بکات و بەهۆی بێ پلانییەوە ئامێرێکیش کە بڕیارە بکڕدرێ، پسپۆڕانی لێ ئاگادار نەکراوەتەوە و پێداویستیی ناوچەکە پڕ ناکاتەوە.
هەروەها باس لەوە کراوە، 6 مانگە بەهۆی تێکچوونی ئامێری قەڵادزێوە، هەموو نەخۆشەکانی ئەو سنوورە لە نیوەشەودا دەنێردرێن بۆ رانیە، ئەمە جگە لەوەی تەندروستیی راپەڕین بەڵێنی دابینکردنی ژووری مانەوە و خواردنی بۆ کارمەندانی ئیشکگر دابوو، بەڵام جێبەجێی نەکرد، لە کاتێکدا شوێنی سەنتەرەکە دوورەدەستە.




