رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سۆران داخستنی 4 بەنزینخانەی لە سنوورەکە راگەیاند؛ هۆکارەکەشی بۆ "نزمیی کوالێتیی بەنزین و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان" گەڕاندەوە.
رۆژی سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، لەسەر بنەمای نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەوت و کانزاکان و بە هاوئاهەنگیی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی سۆران، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی شارەوانی و پۆلیسی فریاکەوتن 4 بەنزینخانەیان داخست.
بەپێی راگەیێندراوی پۆلیسی سۆران، هۆکاری داخستنی ئەو بەنزینخانانە بۆ "خراپی و نزمیی کوالێتیی بەنزین" و "جێبەجێنەکردنی رێنماییەکان" دەگەڕێتەوە، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان هەبووە.
پۆلیسی سۆران داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک یان رووداوێکی نەخوازراودا پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانی ژووری کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە بکەن بەم ژمارانە: 104، 124 و 134؛ هەروەها بۆ پەیوەندیکردن بە بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران دەتوانن ژمارە 144 بەکاربهێنن.




