رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ دەڵێ، دوای 10 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، یەکێک لەو بریندارانەی لەکاتی نانکردندا سووتابوو، گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-06-2026، موقەدەم جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لەو بریندارانەی لە ئەنجامی لێچوونی گاز و کڵپەی ئاگرەوە لەکاتی نانکردندا سووتابوو، دوای 10 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بەگوتەی موقەدەم جەمال هەسن، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، کچێکی تەمەن 24 ساڵ بووە کە لەکاتی رووداوەکەدا زیاتر لە 90٪ـی جەستەی سووتابوو.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەو کچە، 10 کەسی دیکە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەدا سووتابوون، بەڵام بە رێژەی کەمتر.
شەوی 18ی حوزەیران، خێزانێک لە زاخۆ کە بە ساج لە ماڵەوە سەرقاڵی نانکردن بوون، بەهۆی لێچوونی گازەوە، لەگەڵ داگیرساندنی ساجەکە، ئاگر کڵپەی کرد و 11 کەسیان سووتان.
بە گوتەی ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ بۆ رووداو، رێژەی سووتانی بریندارەکانی دیکە نزیکەی 30%ـە.



