رووداو دیجیتاڵ
دروستکردنی پارکێکی نوێ لە قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر چووە بواری جێبەجێکردنەوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، بە دوو مانگ تەواو دەکرێت.
سوارە ئەکرەم، قایمقامی شەقڵاوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 28-6-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو شوێنەی دەکرێتە پارک داری سنەوبەری سرووشتی تێدایە، ئێستا پارەی بۆ تەرخانکراوە و کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە کە سیمای پارکی پێ بدرێ".
پارکەکە لەسەر 40 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و 200 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە. قایمقامی شەقڵاوە دەڵێت: "لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا پڕۆژەکە تەواو دەکرێ".
پارکەکە ناوی "سۆرک" دەبێت. سوارە ئەکرەم گوتی: "پارکەکە شوێنی پشوودان و بەڕێوەبردنی بۆنەکانی و یاری منداڵانی تێدا دەبێت".
هەرچەندە لەسەر زەوییەکە داری سرووشتیی سنۆبەر هەیە، بەڵام بەگوێرەی پڕۆژەکە، داری زیاتری لێ دەڕووێندرێت و زەوییەکەشی دەکرێتە چیمەن. قایمقامی شەقڵاوە گوتی: "پارکە دەبێتە گەورەترین پارک لە سنوورەکەمان".
ئامانج لە پڕۆژەکە زیادکردنی رێژەی سەوزایی و راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ شەقڵاوە، کە خۆی یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.



