رووداو دیجیتاڵ
مانگێک دوای گیانلەدەستدانی چوار کرێکار لە کەوتنەخوارەوەی ئاسانسوارێکی پڕۆژەیەکی شاری دهۆک، کەسوکاری قوربانییان داوای قەرەبوو دەکەن و دەڵێن، سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن و لە خوێنی کوڕەکانیان خۆشنابن.
سەفەر محەممەد، باوکی رەیان، کوڕەکەی تەنیا مانگێک بوو ژیانی هاوژینیی پێکهێنابوو، لە بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "سەرەتا سکاڵامان تۆمارکرد، بەڵام دواتر لە رێگەی پیاوماقووڵانەوە لەگەڵ بەڵێندەری پڕۆژەکە رێککەوتن بڕی 55 هەزار دۆلاریان پێبدرێت، بەڵام بەڵێندەرەکە پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو."
سەفەر محەممەد دەڵێت: "ناچار بووین دووبارە سکاڵا تۆمار بکەینەوە، ئەوان خوێنی رۆڵەکانی ئێمەیان بەلاوە گرنگ نییە، تاوەکو ئێستا سکاڵاکەم بەردەوامە و داوای خوێنی کوڕەکەم دەکەم.''
باوکی رەیان ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزەرێکی بەڵێندەرەکە لە دادگە پێی گوتووە، "بەخێری خۆمان 20 هەزار دۆلارت پێدەدەین،" ئەمەش وایکردووە زیاتر سوور بێت لەسەر سکاڵاکەی و دەڵێت، "داوا لە حکومەت دەکەم خوێنی کوڕەکەم و هەر چوار گەنجەکە بەفیڕۆ نەڕوات."
کەسوکاری زیاد، یەکێکی دیکە لە کرێکارە کۆچکردووەکان، هەمان هەڵوێستیان هەیە، سانیا ئەیووب، دایکی زیاد، لە بەرپرسیار گوتی: "هیچ لایەنێک سەردانی نەکردووین و تەنانەت نەهاتنە پرسەکەشمان. هیچ رێککەوتنێکی کۆمەڵایەتیم ناوێت و تەنیا دەمەوێت حکومەت مافی کوڕەکەم وەربگرێتەوە."
ئیبراهیم عەلی، باوکی زیاد، سەرەتا بە "گوشاری خزم و بەڵێندەرەکە" رازی ببوو لە کەیسەکە خۆشبێت، بەڵام ئێستا پەشیمانە، دایکی زیاد دەڵێت: "باوکی زیاد لێیان خۆشبوو، بەڵام من خۆشنابم. هەموو دونیام پێبدەن ناکاتە نینۆکی کوڕەکەم."
بەڵێندەری پڕۆژەکە بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ کەسوکاری سێ لە کرێکارەکان رێککەوتوون و هەر خێزانێکیان بڕی 20 هەزار دۆلاریان وەرگرتووە، بە گوتەی ئەو، تەنیا کەسوکاری کرێکاری چوارەم (رەیان) رازینەبوون و داوای پارەی زیاتر دەکەن، بەڵێندەرەکە دەڵێت: "ئەوان گوتیان قبووڵی ناکەین و دەچین سکاڵا دەکەین، ئێمەش گوتمان کەوایە بڕۆن سکاڵا بکەن و دادگە چی بڕیار دەدات، ئێمە پابەندین."
لایەنە فەرمییەکانیش بۆ چارەسەری ئەم بابەتە لەسەرهێڵن، وڵات ئەمین، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران، لە بەرنامەی بەرپرسیار نیگەرانیی خۆی لە رێککەوتنی کۆمەڵایەتی دەربڕی و دەڵیت:"ئێمە پشتگیریی ئەوە ناکەین بابەتەکە بە شێوەی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێت، چونکە رێگری دەکات لەوەی مووچە بۆ کەسوکاریان ببڕدرێتەوە."
وڵات ئەمین راشیگەیاند: "پارێزگاری دهۆکیش رژدە ئەم بابەتە بە یاسا چارەسەر بکرێت. ئێمەش لە بەدواداچوونی یاسایی بەردەوام دەبین."
بەڕێوەبەرایەتیی کاری دهۆکیش سکاڵای لەسەر پڕۆژەکە تۆمارکردووە. عەبدولکەریم حەماد، بەڕێوەبەری کار، لە بەرپرسیار رایگەیاند: "لەسەر بنەمای ئەوەی پڕۆژەکە مەرجی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی تێدا نەبوو، ئێمە و فەرمانگەی دەستەبەر سکاڵامان تۆمارکردووە و چاوەڕێی بڕیاری دادگەین."
بە گوتەی بەڕێوەبەری کاری دهۆک، تەمەنی هەر چوار کرێکارەکە سەرووی 18 ساڵ بوو داواش دەکات: "پڕۆژەکە سزای دارایی بدرێت و مووچە بۆ کەسوکاری کرێکارەکان ببڕدرێتەوە."


