رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێ، کار دەکەن بۆ ئەوەی دەستی کاری نێوخۆیی لە کەرتی گەشتوگوزاردا لە 80%ـەوە بەرزتر بکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە سەنتەرە تایبەتەکان رادەهێندرێن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی بڕیاری 172ی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دیاریکردنی رێژەی کرێکاری بیانی، باس لە پەرەپێدانی توانای گەنجان کرا و گوتی، "بڕیاردرا دەرچووانی خۆمان بەشداری لە خولەکانی سەنتەری راهێنان بکەن، کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتین، تاوەکو توانا و لێهاتووییان بگاتە ئاستێک کە بە تەواوی خواستی بازاڕی کوردستان پڕبکەنەوە."
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا 80%ی دەستی کار لە کەرتی گەشتیاریدا نێوخۆییە، بەڵام هەوڵەکان بۆ ئەوەیە ئەم رێژەیە زیاتر بکرێ.
سەبارەت بەو کارمەندە بیانییانەی پسپۆڕییەکانیان لە نێوخۆدا دەستناکەوێ، ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، "میکانیزمێک دەدۆزرێتەوە تاوەکو ئەو کەسە بیانییانە فێری زمانی کوردی بکرێن."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەی گوشتوگوزاری هەموو پارێزگاکان و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەشدار بوون.
بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، لە کۆبوونەوەدا جەخت لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی حکومەت کرایەوە، لەوانە پاراستنی رێژەی یاسایی دەستی کاری ناوخۆیی کە نابێت لە 75% کەمتر بێت، هەروەها پابەندکردنی شوێنە گەشتیارییەکان بەوەی زمانی کوردی زمانی سەرەکی بێت لەسەر تابلۆکانیان.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دەستەی گەشتوگوزار، هەر شوێنێکی گەشتیاریی نوێ دابمەزرێ، مۆڵەتی پێنادەن ئەگەر زمانی کوردیی زمانی یەکەمی کارەکانی نەبێ؛ ئەوانەشی مۆڵەت نوێ دەکەنەوە، هەمان بڕیاریان بەسەردا جێبەجێ دەکرێ.




