رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە دەڵێ، مزگەوتی گەورەی خورماڵ نۆژەن دەکرێتەوە، قوتابخانەی ئایینی لێ دروست دەکرێ، ئاوی گەنجانیش پڕۆژەیەکی گەشتیاری لەسەر دروست دەکرێ کە دەبێتە یەکێک لە جوانترین پرۆژەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی 7ی 2026 فەرەیدوون مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خێرخواز حاجی عابید هەورامی، خۆبەخشانە دەستی بە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی خورماڵ کردووە و لەسەر ئەرکی خۆی نۆژەنی دەکاتەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ، پڕۆژەی مزگەوتەکە شوێنەوارییە و بەو شێوەیەی کە پێشتر هەبووە، نۆژەن و دروست دەکرێتەوە.
لەبارەی تەواوبوونی بەشی یەکەمی پڕۆژەکە کە مزگەوتەکەیە، فەرەیدوون مەحموود گوتی: "نزیکەی 85٪ تەواو بووە. هاوکات پرۆژەیەکی دیکە لە تەنیشت مزگەوتەکە دروست دەکرێ کە ئەویش (قوتابخانەی ئایینی)یە. حەوزی مزگەوتەکەیش نۆژەن دەکرێتەوە."
سەبارەت بە ئاوی گەنجان، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ رایگەیاند: "ئەویش دەکرێتە پرۆژەیەکی گەشتیاری. پلانی ئەوەمان هەیە پرۆژەی گەنجان فراوان بکەین و لە داهاتوودا کە پرۆژەکە تەواو بوو، ئیدی دەبێتە یەکێک لە جوانترین پرۆژەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بە تەواوبوونی کاتی هەردوو پرۆژەکە، فەرەیدوون مەحموود دەڵێ: "ناتوانین بڵێین بە دیاریکراوی کەی تەواو دەبێت، چونکە پڕۆژەکان لە بەردی سرووشتیی ناوچەکە دروست دەکرێن. پێشبینی دەکرێ، لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا تەواو بن."
لەبارەی تێچووی هەردوو پڕۆژەکەوە، ئەو بەڕێوەبەرە روونیکردەوە کە خێرخواز حاجی عابید هەورامی لەسەر ئەرکی خۆی دەستیپێکردووە، بەڵام پڕۆژەکە کراوەیە و خەڵکیش بیانەوێ دەتوانن بەشداری بکەن. دەشڵێت: "رەنگە سەرووی ملیۆنێک دۆلاری تێبچێت."




