رووداو دیجیتاڵ
ئاراستەی شەقامی رۆیشتن لە سلێمانییەوە بۆ عەربەت بە درێژی حەوت کیلۆمەتر فراوان دەکرێ و بڕی شەش ملیار و 613 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکە خەرج دەکرێ.
ئەمڕۆ 1ی تەممووزی 2026 کارزان ساڵح، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە رووداوی گوت، "پڕۆژەیەکی گرنگ لە رێگەی نێوان سلێمانی بۆ عەربەت ئەنجام دەدەین بە سێ قۆناخ، بۆئەوەی رێگەکە بەزوویی بخرێتەوە خزمەتی هاونیشتمانییان. پڕۆژەکە لە گۆڕەپانی یەکتربڕی تانجەرۆوە دەستپێدەکات و تاوەکو دوایین پردی شەقامی 100 مەتری سلێمانییە، کە درێژییەکەی زیاترە لە حەوت کیلۆمەتر."
پڕۆژەکە لەلایەن سێ کۆمپانیاوە جێبەجێ دەکرێ. شارەوانی سلێمانی دەڵێ، گرنگیی پڕۆژەکە لەوەدایە یارمەتی ئاسانبوونی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی گوشار لەسەر رێگەکە دەدات. کارزان ساڵح دەڵێت، "لەگەڵ فراوانکردنی رێگەکە و دروستکردنی رێڕۆیەکی دیکەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، 15 ئاوبارە دروست دەکرێن و پێنج ئاوەڕۆش لە رێگەکەدا دروست دەکرێن."
لەبارەی فراوانکردنی ئاراستەی دووەمی رێگەکە، کارزان ساڵح دەڵێت، "لە هەوڵداین هاوشێوەی ئاراستەی رۆیشتن لە سلێمانییەوە بۆ عەربەت، ئاراستەی گەڕانەوەش فراوان بکرێ."
کارزان ساڵح دەڵێ، "پێشتر رێگەکە بە شێوەیەکی ستاندارد دروست نەکرابوو و هەر ئاراستەیەکی نزیکەی 7 مەتر پانە، لە کاتێکدا بۆ رۆیشتنی دوو ئۆتۆمبێل پێکەوە لە هاوشانی یەکدی دەبێت رووبەری رێگەکە پانتر بێت، بۆیە ئێستا پانی رێگەکە دەکرێتە زیاتر لە 12 مەتر، واتە بە نزیکەی دوو هێندەی ئێستا دەبێت."
بەگوتەی کارزان ساڵح، لەگەڵ فراوانکردنی رێگەکە، بەشە کۆنەکەی رێگەکەش نۆژەن دەکرێتەوە، لە رێگەی قیرتاوکردنەوە و هێڵکاریکردنەوە.
ماوەی پڕۆژەکە 300 رۆژە.



