رووداو دیجیتاڵ دوو زیندانی لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی دەڵێن، لەکاتی کڕینی پێداویستیدا نرخی زیاترمان لە بازاڕەکان لێوەردەگرن و ئەگەر پارەی زیاتریش نەدەین، ئەشکەنجەمان دەدەن. بەڕێوەبەری چاکسازییاکانی هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە زیندانییان ئەشکەنجە درابن و دەڵێ، "بەدواداچوون بۆ نرخی پێداویستییەکان دەکەین". دوو زیندانی لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی، لە رێگەی تەلەفۆنی نێوخۆیی زیندانەکەوە، پەیوەندییان بە رووداوەوە کردووە و دەڵێن، "لە هەر هۆڵێکی نێو زیندانەکە چاودێرێک هەیە، کە خۆشی زیندانییە، بەڵام کاری ئەوەیە کاروباری زیندانییەکان راپەرێنێت، کاتێک ئێمە ئیشێکمان هەبێت لای بەرپرسانی زیندان، ئەوان نوێنەرایەتیی هەمووان دەکەن، بەڵام ئەو چاودێرانە ئەرکەکەیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنن، بۆ نموونە داوای تەلەفزیۆنێکمان کردبوو، کە نرخەکەی 150 هەزار دینارە، بەڵام 500 هەزار دیناریان لێوەرگرتین، داوای بەفرگرمان کرد کە نرخەکەی 450 هەزار دینارە، بەڵام یەک ملیۆن دیناریان لێوەرگرتین". رۆژی شەممە، 4ـی تەمووزی 2026، لەبارەی ئەم پرسە، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئێمە لەنێو چاکسازییەکان هەموو پێداویستییەکانمان هەیە و لە دەرەوە نایکڕین، نازانم مەبەستی ئەو زیندانییانە چیە و بۆ لە دەرەوە پێداویستییان کڕیوە". بە گوتەی زیندانییەکان، ئەگەر نووسراوێکیان هەبێت و بیانەوێت بیگەیێنن بە بەرپرسانی زیندانەکە، لە رێگەی چاودێرەکانەوە داوای پارەیان لێدەکرێت، دەشڵێن، "لەسەر وەرگرتنی پارە ناتوانین سکاڵا تۆمار بکەین، چونکە ئەوان نزیکن لە بەرپرسانی زیندانەکەوە". لەبارەی دۆخی فرۆشگای نێو زیندانییەکەش، ئەو دوو زیندانییە دەڵێن، "پێداویستییەکانی نێو فرۆشگاکە زۆر خراپن، کوالێتییان نزمە، لەم رۆژانەدا زاهی قاپ شووشتنمان کڕیوە، بەڵام کەفی نەدەکرد، جگە لەوە نرخی پێداویستییەکان دوو هێندەی بازاڕە." بەڵام ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێ، "لە بازاڕەکاندا نرخ گران بووە، پێشتر زانیومانە بەرپرسی فرۆشگاکە خراپە لامان بردووە و لیژنەی قایمقامیەتیش هەمیشە دەگەڕێ و لێپرسینەوە لە کوالێتییەکەی دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش جارێکی دیکە لیژنەکە دەنێرین بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن". بابەتێکی دیکە، کە زیندانییەکان لێی ناڕازین چوونە بەر خۆرە، ئەو دوو زیندانییە دەڵێن، "پێشتر چەند رۆژ جارێک دەبراینە حەوشەی زیندان بۆ ئەوەی خۆر لێمان بدات، بەڵام ئێستا 10 رۆژ جارێک دەبردرێین." لە بەرانبەردا بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت، "پێشتر نزیکەی 500 زیندانی هەبوون، بەڵام ئێستا نزیکەی دوو هەزارن، ناتوانین هەموویان پێکەوە ببەینە حەوشەی زیندانەکە". بەگوتەی زیندانییەکان، ژمارەیەک زیندانی لەنێو چاکسازیی سلێمانی، گرووپیان دروستکردووە و بە گوشار و بە هەڕەشە هەرچیان بوێت دەیکەن و لە زیندانییەکان دەدەن. هەفتەی رابردووش رووداو هەر لەرێگەی زیندانییەکی دیکەوە هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە لەنێو زیندانەکە چەند کەسێک پەیدابوون مۆبایلیان پێیە و چەقۆ و بۆکس جەنجەر بەکاردێنین بۆ سەندنی پارە. دواتریش لە بەڕێوەبەری چاکسازییەکان و راوێژکاری وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی بۆ کاروباری چاکسازییەکان لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێندرا. لەو باریەوە ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، "بەدوای ئەو بابەتە چووین، ئەوەی کێشە بوو چارەسەرمان کرد، بەڵام ٪90ی ئەو شتانەی باس دەکرێن راست نین و بەدوای ئەم زانیارییانەشدا دەچین و چارەسەری دەکەین".
هەواڵە ناوخۆییەکان04-07-2026ژینگەی سۆران: سکاڵا لەسەر ئەو کەسە تۆمار دەکەین کە توونێلە بەفرییەکەی تێکداوە