رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێ، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دەروازەی سنووریی شووشمێ لە سنووری پارێزگاکە و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان، لەگەڵ شاندێکی شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەتەوە و بڕیارە لە داهاتوودا ئەوانیش سەردانی ئەو شارەی پارێزگاکەی کرماشان بکەن.
رۆژی سێشەممە 7ی تەممووزی 2026 سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە شاندێکی پاوە بە سەرپەرشتیی فەرزادی ئەڵماسی، قایمقامی پاوە کرد. شاندێکی 8 کەسی بوون و بەرپرسانی بوارەکانی گومرگ، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و ڤێتێرنەری لەخۆگرتبوو."
سمکۆ سالار باسی لەوە کرد، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە، بەڕێوەبەرانی دەروازەی سنووریی باشماخ و شووشمێ، ژووری بازرگانیی هەڵەبجە پێشوازی لە شاندەکە کراوە.
قایمقامی هەڵەبجە گوتی، "مەبەستی سەردانەکە چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە بوو کە لە دەروازەی سنووریی شووشمێ لە سنووری تەوێڵە هەن، وەک نەبوونی هێڵی ئینتەرنێت و نەبوونی شوێنی حەسانەوە. بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە رووی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاران مژاری دیکەی کۆبوونەوەکە بوون."
سمکۆ سالار دەڵێ، بۆ بەدواداچوونی زیاتری کارەکان، بڕیارە لە داهاتوودا شاندی هەڵەبجەش سەردانی پاوە بکات.




