رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان رێکارەکان بۆ رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە تووندتر دەکرێن، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "خەڵک لەم بارەوە زۆر هاوکارمانە و رێنماییەکان جێبەجێ دەکەن."
ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تەممووزی 2026 عەمید فەرمان فازڵ، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، "رێنمایی دەدەینە بەرگریی شارستانی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی دارستان و کشتوکاڵی سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو بە رێکاری هاوبەش بتوانن لە سەرجەم شارەکان رێگری لە ئاگرکەوتنەوە و سووتانی دەغڵودانی جووتیاران بکەن."
بە گوتەی عەمید فەرمان فازڵ، لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و زەویی جووتیاران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تووندکردنەوەی رێکارەکانی رێگریکردن. گوتیشی، "هاووڵاتییان و ئاژەڵداران و جووتیاران، رێنماییەکان بە باشی جێبەجێ دەکەن و لە کەمکردنەوەی ئەو رووداوانەدا هاوکارمانن."
عەمید فەرمان فازڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان تیمی گەڕۆکمان هەیە، کە چاودێری شوێنەکان دەکەن و ژمارەیەک ئاگرکوژێنەوەی بچووکمان هەیە کە زوو دەگەنە شوێنی رووداوەکە."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامێر و کەرەستەی پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە سەرجەم شارەکان دابینکراون، چ ئاگرەکە بچووک بێت، یان تەشەنە بسێنێت، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، بەرگریی شارستانی، پۆلیسی دارستان و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ لە کوژاندنەوەی ئاگر لە شوێنە جیاوازەکان هاوکار دەبن.
دروستکردنی ئاگربڕ لە سلێمانی، ئاگرکەوتنەوەی کەمکردووەتەوە
لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە ناوچەیەکی شاخاوییە و زەوی کشتوکاڵی تێیدا زۆرە، ساڵانە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی زۆری لێ روودەدات، بەڵام عەمید هێمن کەمەرخان دەڵێت، بەراورد بە پار ئاگرکەوتنەوە کەمی کردووە.
عەمید هێمن کەمەرخان، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی پارێزگای سلێمانی، رۆژی سێشەممە 7ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "لە شەش مانگی رابردووەوە نزیکەی هەزار و 500 دۆنم زەویی جووتیاران سووتاوە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە هی پار کەمترە و پار زیانی گیانییش هەبوو."
گوتەبێژی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، هۆکاری کەمبوونەوەی رووداوەکانی بۆ دروستکردنی ئاگربڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری تاک گەڕاندەوەو گوتی: "ساڵانە لەم وەرزەدا بەهۆی وشکبوونی پووش و پەڵاش و بەرزی پلەی گەرماوە ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، بەڵام ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی هۆکاری ئەو رووداوانەی بە مرۆیی تۆمارکراون کەم بوون و ئەمەش نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی تاکە." گوتیشی: "دروستکردنی ئاگربڕ یەکێک بوو لە کاریگەرترین رێکارەکان بۆ رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە."
هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان چین؟
عەمید هێمن کەمەرخان چەند هۆکارێکی خستەڕوو لەوانە:
1- تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکان
2- شۆرتی کارەبا
3- ئاگرکردنەوەی شوان و گەشتیارەکان لە شوێنی هەستیار
4- فڕێدانی پاشماوەی جگەرە
5- فڕێدانی شووشە و بتڵی ئاو و سەرجەم ئەو ماددانەی لەگەڵ تیشکی خۆر کارلێلک دەکەن
سزای سەرپێچیکاران چییە؟
گوتەبێژی پۆلیسی دارستانی سلێمانی لەو بارەوە گوتی سزایەکی کۆنکرێتی و دیاریکراومان نییە و پەیوەستە بە تاوانەکەوە، سزای پێبژاردن لە 100 هەزارەوە دەستپێدەکات تا 3 ملیۆن، سزای بەندکردنیش لە مانگێکەوە تا ساڵ هەیە.
بۆنموونە کاتێک کەسێک سەرپێچی دەکات لێکۆڵینەوە دەکرێ لەوەی کە چەند رووبەر سووتاوە ئەگەر ئاگرکەوتنەوە بووە، جۆری دارەکە چییە و تەمەنی چەندە ئەگەر داربڕین بووە. بە پێی ئەمانە سزاکەی دیاری دەکرێت.
لە ئاکرێ و بەردەڕەش سووتانی دەغڵودان 99% کەمی کردووە
پار لە قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بە یەک رووداوی ئاگرکەوتنەوە، نزیکەی 100 دۆنم زەوی دەسووتا، بەڵام ئەم ساڵ لە کۆی 320 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تەنیا 65 دۆنم زەوی سووتاوە؛ ئەمەش واتە بە نزیکەی 99.84%، رێژەی سووتان کەمی کردووە.
عەمید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ، ئەمڕۆ سێشەممە بۆ رووداو گوتی: "ئەم ساڵ لەم دوو قەزایە، 453 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە کە 320یان سووتانی دەغڵودان بوون و لە کۆی 307 هەزار دۆنم تەنیا 65 دۆنم سووتاوە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ، هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی زیانەکانی بۆ رووداو خستەڕوو و گوتی: "لە شەش مانگی رابردوودا 11 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە (مێکزەمین)مان وەرگرتووە، کە لە 23 تۆڕی فریاگوزاریدا دابەشمان کردوون و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەمان لە نزیکترین شوێنەکان دیاریکردووە، ئەمەش وادەکات بە زووترین کات بگەنە شوێنی ئاگرەکە و کۆنترۆڵی بکەن."
یەکێکی دیکە لە رێکارەکان کە ئاماژەی پێکرد، رێنماییدان بە ئاژەڵدارانی ناوچەکەیە بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان لەو ناوچانەی پووش و پەڵاش زۆرە و ئەگەری ئاگرکەوتنەوە تێیدا بەهێزە، عەمید ئیبراهیم فەریق دەڵێ: " نزیکەی 10 ساڵە کار بەم رێکارە دەکەین و لە دوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش جێبەجێمان کردووەو زۆر سوودمان لێی بینیوە."
سەبارەت بە پلانیان بۆ رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و کەمکردنەوەی زیانەکان، عەمید ئیبراهیم فەریق گوتی، بە سێ پلان کار بۆ رێگریکردن لەم حاڵەتە دەکەین:
وەک بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاک لە رێگەی کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینارەوەو دەسنیشانکردنی هۆکارەکانی ئەم ساڵ و دۆزینەوەی چارەسەرەکەیان بۆ ساڵی داهاتوو؛ هەروەها گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆ ئەوانەی سەرپێچی دەکەن.



