رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لەو هاونیشتمانییانەی لە هەولێر بەدوای کاردا دەگەڕێن، سکاڵا لە نووسینگەکانی دۆزینەوەی هەلی کار دەکەن و دەڵێن، ئەو نووسینگانە بەناوی دروستکردنی سیڤی و دۆزینەوەی کارەوە پارەیەکی زۆریان لێ وەردەگرن، بەڵام دواتر کاریان بۆ نادۆزنەوە یان هەلی کاریان بە مەرجی جیاواز پێشکێش دەکەن. لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتیی کار لە هەولێر رایدەگەیێنێت، 38 شوێنیان داوەتە دادگە و 11 شوێنیشیان داخستووە.
وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر دروستکردنی سیڤی و بەڵێنی دۆزینەوەی کار لەلایەن ژمارەیەک نووسینگەوە لە هەولێر بووەتە مایەی نیگەرانیی کارخوازان. ئەو نووسینگانە کە زۆربەیان نافەرمین، بڕی 20 هەزار دینار و زیاتر بۆ دروستکردنی سیڤییەک وەردەگرن و دواتر کارخوازەکە بەدەستی بەتاڵ بەڕێدەکەن.
هیمداد حەمید، یەکێک لەو کارخوازانەیە کە خۆی و کوڕەکەی رووبەڕووی ئەم کێشەیە بوونەتەوە. ئەو هاونیشتمانییە لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، گوتی: "گەنجێکی بێکار دەچێتە ئەو نووسینگانە، 20 هەزار دیناری بۆ دروستکردنی سیڤییەک لێ وەردەگرن. ئەگەر کاژێرێک دواتر بچیتەوە لایان، داوای سیڤییەکی نوێی لێ دەکەن و 20 هەزار دیناری دیکەی لێ وەردەگرن. تەنیا بۆ وەرگرتنی پارە وادەکەن و هیچ کارێکیش نادۆزنەوە."
بە گوتەی هیمداد، ئەو نووسینگانە رۆژانە بۆ زیاتر لە 60 کەس سیڤی دروستدەکەن و بەم شێوەیە پارەیەکی زۆر کۆدەکەنەوە. ئەو هاونیشتمانییە باسی ئەزموونی خۆی دەکات و دەڵێت: "بۆ سۆراخی کاری کوڕەکەم چووم، گوتیان دەبێت تۆش فۆرم پڕبکەیتەوە و 7500 دیناریان لێ وەرگرتم. کە سەیری لیستەکەم کرد، من 63یەمین کەس بووم لە یەک رۆژدا. کەسم نەبینی کاریان بۆ دۆزیبێتەوە."
هیمداد ئاماژە بەوەش دەکات کە تەنانەت بۆ کاری سادەش داوای سیڤی دەکەن و دەڵێت: "خواردنگە هەیە داوای قاپشۆر دەکات، کە دەچیتە نووسینگەکە داوای سیڤی و پارەی سیڤی دەکەن. ئاخر قاپشۆر سیڤی بۆ چییە؟"
عەبدوڵڵا عەباس، کارخوازێکی دیکەیە و دەڵێ، نزیکەی 70 هەزار دیناری تەنیا بۆ دروستکردنی سیڤی لە چوار نووسینگەی جیاوازدا خەرجکردووە، بەڵام هیچ کارێکی دەستنەکەوتووە. ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت: "نووسینگەیەک پێی گوتم لە خواردنگەیەک پێویستیان بە ئامادەکەری زەڵاتەیە، کە چووم دەرکەوت کارەکە 12 کاژێرە بە 500 هەزار دینار، لە کاتێکدا بە من گوترابوو 8 کاژێرە و بە 700 هەزار دینار. کە گەڕامەوە لایان بۆ گۆڕینی کارەکە، گوتیان بڕۆ سیڤییەکی نوێ بێنە."
هۆشەنگ هادی، کارخوازێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات کە نووسینگەیەک 25%ی یەکەم مووچەکەیان وەک حەقدەستی خۆیان لێ وەرگرتووە، جگە لە پارەی دروستکردنی سیڤی و فۆرم.
بەڕێوەبەرایەتیی کار لە هەولێر رایدەگەیێنێت کە ئاگاداری ئەم دیاردەیەن و رێکاری یاساییان گرتووەتەبەر.
فەرید عەلی، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی لە هەولێر، لە (بەرپرسیار)دا گوتی: "لە سنووری پارێزگای هەولێر تەنیا 29 نووسینگە مۆڵەتی فەرمییان هەیە. لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەستمان بە بەدواداچوون بۆ شوێنە نایاساییەکان کردووە و تاوەکو ئێستا 38 شوێنمان داوەتە دادگە و 11 شوێنیشمان داخستووە."
بەڕێوەبەری کاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە وەرگرتنی پارەی سیڤی "رێگەپێدراو نییە" و گوتی: "بەپێی رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2018ـی وەزارەتی کار، هەر نووسینگەیەکی فەرمی کە کارێک بۆ کارخوازێک دەدۆزێتەوە، تەنیا مافی هەیە 25%ی یەکەم مووچەکەی وەربگرێ. جگە لەوە، هەر پارەیەک وەربگیرێ نایاساییە. هەر نووسینگەیەکیش پابەند نەبێت، بە هاوئاهەنگیی قایمقامیەتیی هەولێر دادەخرێ."
فەرید عەلی داوای لە هاونیشتمانییان کرد هۆشیار بن و سەردانی ئەو شوێنانە نەکەن کە مۆڵەتی فەرمییان نییە؛ هەروەها رایگەیاند: "هەر کارخوازێک سکاڵای هەبێت یان هەڕەشەی لێکرابێت، دەتوانێت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 5500 بکات. ناوی سکاڵاکار پارێزراو دەبێت و مافەکەیشی بۆ دەگەڕێندرێتەوە."
خاوەنی نووسینگەیەکی فەرمی دان بەوەدا دەنێت کە هەندێک نووسینگەی فەرمیش پارەی سیڤی وەردەگرن، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەمە نایاساییە.
ئەحمەد خۆشناو، خاوەنی نووسینگەیەکی فەرمیی دۆزینەوەی هەلی کار، لە (بەرپرسیار)دا گوتی: "ئێمە پارەی فۆرم و سیڤی وەرناگرین، تەنیا 25%ی یەکەم مووچەی کارخوازەکە وەردەگرین. ئەو نووسینگانەی مۆڵەتیان نییە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاری وەهمی بڵاودەکەنەوە و فێڵ لە خەڵک دەکەن."
خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژانە 10 بۆ 15 کەس سەردانیان دەکەن و سکاڵا لە نووسینگە نافەرمییەکان دەکەن. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "ئەو کەسانەی کەمدەرامەتن و ناتوانن ئەو 25%ـەش بدەن، ئێمە بە خۆڕایی و بێبەرامبەر کاریان بۆ دەدۆزینەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی لە هەولێر داوا لە کارخوازان دەکات بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و زانینی ناوی نووسینگە فەرمییەکان، سەردانی "پۆرتاڵی کار" بکەن کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیانە و بەردەوام هەلی کاری نوێی تێدا رادەگەیێندرێت.


