رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێ، تاوەکو ئێستا 42 هەزار پارچە زەوی بە حەوت قۆناخ بەسەر فەرمانبەرانی پارێزگاکە دابەشکراون و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا قۆناخی هەشتەم دەستپێدەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ هەموو ئەو گەڕەکانەی خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە، دەرخستە و ئامادەکاری کراوە و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا خزمەتگوزارییان پێدەگات.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانییەکانی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات، گوتی، لەسەر بنچینەی بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 82 هەزار فەرمانبەر لە هەولێر سوودمەند دەبن و تیمەکانی شارەوانی بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، کار لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن.
کارزان هادی باسی لەوەشکرد، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی ئاسان نییە و چەندین وەزارەتی دیکە، لەوانەش وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، دارایی و داد لە پرۆسەکەدا بەشدارن؛ گوتیشی: "ئەگەر چاوەڕێمان بکردایە هەر 82 هەزار پارچە زەوییەکە پێکەوە دابەش بکەین، تاوەکو ئێستا نەماندەتوانی یەک پارچە زەویش دابەش بکەین، بۆیە بڕیار درا بە قۆناخ کارەکان بکرێن؛" روونیشیکردەوە، "هیوادارین تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو، ئەو 40 هەزار پارچە زەوییەی ماوە، بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن."
پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەولێر
سەرۆکی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای راگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ زیاتر لە 12 ساڵ، پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەولێر بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت نەوەستاون.
کارزان هادی، وەک نموونە ئاماژەی بە چەندین پرۆژەی سەرەکی کرد، لەوانە پرۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر، رووناککردنەوەی شەقامە سەرەکییەکان وەک شەقامی 150 مەتری و شەقامە ناوخۆییەکان؛ گوتیشی: "بۆ هەموو ئەو گەڕەکانەی خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە، دەرخستە و ئامادەکاریمان کردووە و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا خزمەتگوزارییان پێ دەگەیێنین."
کێشەی گەڕەکی حەسارۆک و ناوچەی پیشەسازیی تیمار
سەبارەت بە کێشەکانی گەڕەکی حەسارۆک، کارزان هادی رایگەیاند، دوای سەردانی سەرۆکی سەرۆکوەزیران بۆ گەڕەکەکە، بە بڕی زیاتر لە 15 ملیار دینار کار لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کراوە، وەک دروستکردنی شەقامی سەرەکی، ئاوەڕۆ و خۆڵکاری بۆ زۆربەی شەقامەکان.
لەبارەی ناوچەی پیشەسازیی تیمار، کارزانی هادی گوتی: "تیمار ناوچەیەکی پیشەسازییە و هیچ بڕیارێک بۆ گۆڕینی بە ناوچەی نیشتەجێبوون نییە؛" هەروەها گوتی: "لە ساڵی رابردووەوە نزیکەی 1000 پارچە زەوی بۆ پیشەوەران تەرخانکراون و کارکردن بۆ دابینکردنی زەوی بۆ ئەو پیشەوەرانەی ماون بەردەوامە."
لابردنی زیادەڕۆییەکان
لە کۆتاییدا، کارزان هادی ئاماژەی بە هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی و رێکخستنەوەی شەقامەکان کرد و گوتی: "لابردنی زیادەڕۆیی یەکێکە لە کارە رۆژانەییەکانمان. دوای گلەیی هاونیشتمانییان، بە هاوئاهەنگی پۆلیسی هاتووچۆ و پۆلیسی شارەوانی، کار لەسەر رێکخستنەوەی شەقامەکان و لابردنی ئاستەنگەکان کراوە و بەدواداچوونی بەردەوامیشی بۆ دەکرێت."


