رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) دەڵێ، هێزەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان، سێ داعشیان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک دەستگیرکردووە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بیری تووندڕەوییان بڵاودەکردەوە.
رۆژی سێشەممە، 7ی تەممووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی هەرێم- سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ناوی ئەو تۆمەتبارانەی راگەیاند، کە لە مانگەکانی 4 و 6ی ساڵی 2026دا دەستگیرکراون، ئەوەش دوای بەدواداچوونی ورد و لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری.
تۆمەتبارەکان کە بە ناوەکانی (چ.ئـ،)، (ت.ب.ر) و (پ.ف.س) ناسراون، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، "ئەو تیرۆریستانە پێشتر هەوڵی هیجرەتیان داوە، بەڵام بەهۆی باری ئەمنی و داخستنی هەموو رێگاکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بۆیان نەکراوە؛ بۆیە بڕیاریان داوە لە رێگەی 10 پەیج و ئەکاونتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، تیکتۆک، ئینستاگرام، تەلەگرام و یوتیوبەوە ڤیدیۆ، نووسین و وێنەکانی داعش و بیری تووندڕەوی بڵاوبکەنەوە".
وەک لە راگەیێدراوەکەدا هاتووە: "تیرۆریستەکان دانیان بەوەدا ناوە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هانی گەنجان و هەرزەکارانیان داوە بۆ وەرگرتنی بیری تووندڕەوی، چوونە ناو رێکخستنەکانی داعش و هیجرەتکردن بۆ ناو ریزەکانی داعش".
هەر 3 تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 2 لە یاسای تیرۆر راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.




