رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئاگادارییەک ئاراستەی شوفێران دەکات و دەڵێ، سبەی چوارشەممە بۆ 24 کاژێر بەشێکی شەقامی 150 مەتری بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە دادەخرێ.
رۆژی سێشەممە، 7ی تەممووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بەیانیی رۆژی چوارشەممە لە کاژێر 7:00ـی بەیانی تاوەکو رۆژی پێنجشەممە کاژێر 7:00ـی بەیانی، بۆ 24 کاژێر، شەقامی سەرکەوتن بۆ سەر بەرزەپردی شەقامی 150 مەتریی خێرا (ئاراستەی چوون بەرەو بەحرکە) بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە دادەخرێ."
لەبارەی رێگەی جێگرەوە، هاتووچۆی هەولێر گوتی، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە رێگەی هەولێر - پیرمام دەیانەوێ بچنە سەر شەقامی 150 مەتری بەرەو بەحرکە، دەبێت ئەو شەقامە بەکارنەهێنن، بەڵکو لە رێگەی هەولێر - پیرمام تاوەکو نزیک بازگەی مەلائۆمەر بڕۆن، لە سووڕانەوەی بەردەم بازگەکە بسوڕێنەوە بەرەو ئاراستەی نێو شار، پاشان بچنە سەر بەرزەپردی 150 مەتری و لەوێوە بەرەو بەحرکە بڕۆن.
هاتووچۆی هەولێر رێنمایی ئەو هاونیشتمانییانە دەکات کە مەبەستی سەردانکردنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێریان هەیە، باشتر وایە شەقامی 150 مەتری بەکارنەهێنن و رێگەی هەولێر - بەحرکە بەکاربهێنن.
هاتووچۆی هەولێر داوا لە شوفێران دەکات، ئارام بگرن تاوەکو کارەکانی نۆژەنکردنەوە کۆتایی دێ و شەقامەکە ئاسایی دەبێتەوە و بە رووی شوفێراندا دەکرێتەوە.




