رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2025 - 2026 رابگەیێندرێت. سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردە رایدەگەیێنێت، هەموو رێکارەکان تەواو بوون و نمرەی قەرەبووش بۆ قوتابیان هەژمار کراوە.
رۆژی پێنجشەممە 09ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوە وزارییەکانی پۆلی 12 رادەگەیێندرێت. سیستەمەکە بە تەواوی ئامادەیە و هەموو ئامادەکاری و رێکارەکان کۆتاییان هاتووە."
تاقیکردنەوەکان لە 14ـی حوزەیرانی 2026 دەستیانپێکرد. ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەمڕۆ بە هەموو ئەگەرێک ئەنجامەکان رادەگەیێندرێن، مەگەر کێشەیەکی تەکنیکیی لەپڕ لە سیستەمەکەدا رووبدات، ئەگینا تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک نییە و تەنیا راگەیاندنی ماوە؛ نمرەکان لە سیستەمی هەڵسەنگاندنەوە بۆ قوتابیان دیار دەبن."
لەبارەی پێدانی نمرەی زیادە بە قوتابیان وەک قەرەبوو، سەرچاوەکەی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، کە ئەم ساڵ قوتابیانی بەشی زانستی 10 نمرە و قوتابیانی بەشی وێژەیی 4 نمرە وەک قەرەبوو وەردەگرن.
ئەو سەرچاوەیە هۆکاری پێدانی ئەو نمرانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "لە 3 وانەی بایلۆژی، کیمیا و عەرەبی، نزیکەی 5 پرسیار بە هەڵە هەژمار کرابوون، بۆیە بڕیاڕدرا ئەو نمرانە وەک قەرەبوو بۆ قوتابیان هەژمار بکرێت."
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە رووداوی راگەیاند: "جەنابی وەزیری پەروەردە پێشتر رایگەیاندبوو کە هەوڵدەدرێت دوو رۆژ دوای کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکان ئەنجامەکان رابگەیێندرێن. ئێستا هەموو رێکارەکان تەواو کراون و تەنیا چاوەڕێی رەزامەندیی لیژنەی باڵای ئەزموونەکانین تاوەکو ئەنجامەکان رابگەیێنین."
لەبارەی ئەگەری راگەیاندنی ئەنجامەکان لە کاتێکی نزیکدا، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: "هەموو هەوڵێک دەدرێت کە بە زووترین کات ئەنجامەکان رابگەیێندرێن. ئەگەر هیچ کێشەیەک بۆ سیستەمەکە دروست نەبێت هەر کاتێک تەواو بێت رادەگەیێندرێت".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە 117 هەزار و 142 قوتابی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەشداری تاقیکردنەوەکانیان کردووە. 19 هەزار و 403 مامۆستا و فەرمانبەر وەک دەستەی کارگێڕی هۆڵەکان دانرابوون، کە پێکهاتوون لە 12 هەزار و 18 چاودێر، 2,003 بەڕێوەبەری هۆڵ، 2,003 یاریدەدەری بەڕێوەبەر، 1هەزار و 376 سەرپەرشتیار و 2,003 کارمەندی خزمەتگوزار.



