رووداو دیجیتاڵ
ئەو منداڵەی نزیکەی 15 رۆژە لە نزیک پردی چەمە لە سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک ون ببوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئاکرێ، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "منداڵەکە ناوی بەسام کوردۆیە، 26ـی حوزەیران لە زێی گەورە نزیک پردی گوندی چەمە ون ببوو، ئەمڕۆ لە رووباری گوندێکی سنووری قەزای بەردەڕەش تەرمەکەی دۆزرایەوە".
بەگوێرەی هێزە ئەمنییەکان بۆ رووداو، لەنێوان باوک و دایکی ئەو منداڵەدا کێشەی خێزانیی هەبووە، هەربۆیە پێش دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکە، دایکی ئەو منداڵە سکاڵای لە باوکی منداڵەکە تۆمار کردبوو بە تۆمەتی بردنی منداڵەکە.
موقەدەم عیماد حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ دووشەممەی رابردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خێزانەکە دانیشتووی هەولێرن، رووداوەکە لە سنووری ئاکرێ بووە، بۆیە دۆسیەکەی لای ئێمەیە و لێكۆڵینەوەی تێدا دەکەین".
سەرەتای رووداوەکە بەو جۆرە بووە، دایکی منداڵەکە لەگەڵ ماڵی باوکی چوونەتە رووباری چەمە لە سنووری ئاکرێ، ئێوارە باوکی منداڵەکە لە هەولێرەوە چووەتە لایان و دواتر منداڵەکە دیار نەماوە، سەرەتا گەڕان بە چڕی بۆ منداڵەکە کرا و دواتر باوکی بە بردنی تۆمەتبار کرا.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ دەڵێت: "بۆ روونکردنەوەی رووداوەکە، ئەمڕۆ تەرمەکە دەبرێتە دادپزیشکی".


