رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە ئەمڕۆوە کەرتی تایبەت دەست بکات بە کڕینەوەی ئەو بڕە گەنمەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی عێراق وەری ناگرێت. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت ئاسانکاری کراوە بۆ ئەوەی ئەو گەنمە هەناردەی دەرەوە بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 09ـی تەممووزی 2026، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکرێت لەلایەن کەرتی تایبەتەوە. 11 کۆمپانیا و بازرگان گەنمی ئەو جووتیارانە دەکڕن، کە حکومەتی عێراق وەریناگرێت و دواتر هەناردەی دەرەوەی دەکەن."
ئەو پرۆسەیە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەگرێتەوە. بەرگەشت ئاکرەیی ئاماژەی بەوە کرد، کڕینەوەی گەنمەکە بەپێی نرخی رۆژی بازاڕ دەبێت و هەردوو جۆری گەنمی پلە 1 و پلە 2 لە جووتیاران وەردەگیرێت.
لەبارەی هەناردەکردنی گەنمەکە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، حکومەت ئاسانکاری تەواوی بۆ بازرگانان کردووە و "باجی سەر هەناردەکردنی هەڵگرتووە"؛ ئەمەش بە مەبەستی رەخساندنی بازاڕ بۆ گەنمی زیادەی جووتیاران و رێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی بەرهەمەکانیان.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ بگاتە دوو ملیۆن تۆن، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنیا 400 هەزار تۆنی وەربگرێ، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانە و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ.
بەگوێرەی حکومەتی عێراق، پشکی وەرگرتنی گەنم بۆ چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (ناو پلان و دەرەوەی پلان) بەمشێوەیە دەبێت:
- پارێزگای سلێمانی: 150 هەزار و 209 تۆن.
- پارێزگای هەولێر: 122 هەزار و 680 تۆن.
- پارێزگای دهۆک: 116 هەزار و 408 تۆن.
- پارێزگای هەڵەبجە: 11 هەزار و 28 تۆن.
12ـی حوزەیرانی 2026، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و دواتریش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.




