رووداو دیجیتاڵ
پێشمەرگەکانی سنووری مێرگەسۆر گلەیی لە قووتدانی کارتەکانیان لەلایەن ئامێرەکانی ATMـی بانکی ئەهلیی عێراقی دەکەن. بانکەکەش هۆکارەکەی بۆ سستیی ئینتەرنێت دەگەڕێنێتەوە و رایدەگەیێنێت، لەمەودوا لە رێگەی سیستمی (NFC)ـەوە کێشەکە بەتەواوی بنبڕ دەکەن.
چەند پێشمەرگەیەک لە سنووری قەزای مێرگەسۆر کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من" مووچەکانیان وەردەگرن، دەڵێن لە کاتی راکێشانی پارەدا ئامێرەکانی بانکی ئەهلیی عێراقی (NBI) کارتەکانیان قووت دەدات.
سیداد فازڵ، پێشمەرگەیەکە و لە سنووری مێرگەسۆر دەوام دەکات، سەبارەت بە کێشەکەیان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا دوو جارە هەمان گرفتم بۆ دروست دەبێت. کاتێک دەچمە بەردەم ئامێرەکە بۆ راکێشانی مووچە، شاشەی ATMـەکە رەش دەبێت و کارتەکەم قووت دەدات."
لە بەرامبەردا، سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی بە رووداوی راگەیاند، هۆکاری کێشەکە دوورەدەستیی ناوچەکە و دابەزینی سیگناڵی ئینتەرنێتە. گوتیشی: "کاتێک سیگناڵی داتا و ئینتەرنێت نامێنێت، ئامێرەکە راستەوخۆ دادەخرێت و کارتەکە قووت دەدات. جاری وا هەبووە لە مانگێکدا 1000 بۆ 1500 کارتی قووتدراومان کۆکردووەتەوە."
سەبارەت بە چارەسەری بنەڕەتیی ئەم گرفتە، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکەکە ئاشکرای کرد کە خزمەتگوزاریی NFC (پەیوەندیی مەودا نزیک)یان چالاک کردووە.
سەروەت جاف دەڵێت: "ئیدی پێویست ناکات فەرمانبەران کارتەکانیان بخەنە ناو دەرچەی ئامێرەکەوە، تەنیا کارتەکە لەسەر هێمای وایفای (NFC)ـی سەر ئامێرەکە دادەنێن و بەو شێوەیە کێشەی قووتدانی کارت بە تەواوی بنبڕ دەبێت."
بەرپرسەکەی بانکی ئەهلیی عێراقی هۆکاری بەردەوامیی کێشەکەی لە مێرگەسۆر بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هاووڵاتییان هێشتا شارەزای ئەو خزمەتگوزارییە نوێیە نین و نوێنەری بانکەکەش لەوێ نییە بۆ رێنماییکردنیان. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا 220 ئامێری ATMـی چالاکیان هەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ژمارەکە دەگەیێننە 300 ئامێر بۆ ئەوەی قەرەباڵغی کەم ببێتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)