رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو خشتەی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی رادەگەیێندرێت و بڕیارە مانگی ئاب تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم بکرێن.
رۆژی شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، پەیمان خواجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەسەرکەوتوویی کران؛ زۆربەی قوتابییان توانییان نمرەی باش بەدەستبهێنن."
بە گوتەی پەیمان خواجە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو خشتەی نوێی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی بۆ ئەو قوتابییانە بڵاوبکرێتەوە کە ماونەتەوە. گوتیشی: "تاقیکردنەوەکان لە 11-8-2026 دەستپێدەکەن."
لەبارەی شێوازی تاقیکردنەوەکان، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: "بە هەمان زنجیرە و رێزبەندی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم بەڕێوەدەچن، بەڵام رۆژ نا رۆژێک دەبێ."
رۆژی 9-7-2026، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم راگەیێندرا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە؛ ئەم ساڵ 117 هەزار و 142 قوتابی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەشداری تاقیکردنەوەکانیان کردووە. 19 هەزار و 403 مامۆستا و فەرمانبەر وەک دەستەی کارگێڕی هۆڵەکان دانرابوون، کە پێکهاتوون لە 12 هەزار و 18 چاودێر، 2,003 بەڕێوەبەری هۆڵ، 2,003 یاریدەدەری بەڕێوەبەر، 1هەزار و 376 سەرپەرشتیار و 2,003 کارمەندی خزمەتگوزار.
.jpg&w=3840&q=75)



