رووداو دیجیتاڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆیەکی دۆشاوی تەماتەی بەشەخۆراکی ئەم مانگە بڵاوبووەتەوە کە لە کاتی هەڵپچڕینیدا گاز دەردەدات و هەڵدەچێت. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر دەڵێت، ئەو حاڵەتە گشتی نەبووە و لەوانەیە لە یەک شوێن روویدابێت. پسپۆڕێکی خۆراکیش هۆشداری دەدات لەوەی کە نابێت بخورێت. حەمید لەشکری، پسپۆڕی خۆراک، رۆژی دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی گوت: "ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لەسەر دۆشاوی تەماتەی بەشەخۆراکی ئەم مانگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە دەرخەری ئەوەن کە ئەو دۆشاوانە بەکتریایان تێدایە و نابێت بخورێن." دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی راگەیاند: "لیژنەی تایبەتمان پێکهێناوە بۆ ئەو گرفتانە و بریکارەکانمان ئاگادارکردووەتەوە ئەو کاتەی بەشەخۆراک دابەش دەکرێت لە ئەگەری بوونی هەر کێشەیەک ئاگادارمان بکەنەوە تاوەکو لیژنەکە بەدواداچوون بکات و قەرەبووی هاونیشتمانییان بکاتەوە." ئەو پسپۆڕی خۆراکە سێ هۆکاری تێکچوونی بۆ دۆشاوە تەماتەکان دەستنیشان کرد کە بەهۆیانەوە تووشی ئەو تێکچوونە دەبن و گوتی: "ئەگەر لە کاتی بەرهەمهێنانیدا پلەی گەرمیی بەرز و گونجاوی بۆ بەکارنەیەت گازی CO2 و H2O دروست دەکات و دەبێتە هۆی گەشەی بەکتریا." هۆکارێکی دیکە کە ئاماژەی پێکرد و پەیوەندیی بە شێوازی بەرهەمهێنانییەوە هەیە، ئەوەیە کە لەوکاتەدا قوتووەکە لێوڕێژ دەکرێت، لەم بارەوە گوتی: "ئەگەر لەکاتی دروستکردندا قوتووەکە پڕ بکرێت و بڕێکی زیاد لە دۆشاوەکەی تێبکرێت گاز دروست دەکات." حەمید لەشکری هۆکارێکی دیکەی خستەڕوو و گوتی: "شێوازی هەڵگرتن بۆ دۆشاوی تەماتە گرنگە و ئەگەر لە شوێنێکی زۆر گەرم دابنرێت، بەکتریا و گاز دروست دەکات." بە گوتەی حەمید لەشکری، پسپۆڕی خۆراک، لە هیچ کام لە حاڵەتەکاندا دۆشاوەکە بۆ خواردن و بەکارهێنان گونجاو نییە و مەترسیی گواستنەوەی بەکتریای هەیە بۆ مرۆڤ. لەم بارەوە دلێر عەبدولواحید روونیکردەوە، زۆرجار بەشەخۆراکەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لای بریکارەکان دەمێننەوە و خەڵک درەنگ دەچن بۆ وەرگرتنی، کەشوهەوا گەرمە و دەکرێت لەوێ خۆراکەکان خراپ ببن، "ئەمەش بۆ کەمتەرخەمیی هاونیشتمانییان دەگەڕێتەوە." بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر گوتیشی: "هەندێک جار بریکارەکان کەمتەرخەمی دەکەن و بەهۆی هەڵەی ئەوانەوە گرفت دروست دەبێت؛ بەپێی یاسا لەو کاتانەدا بریکارەکان سزا دەدرێن."
هەواڵە ناوخۆییەکان13-07-2026وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ گواستنەوەی گرێبەستەکان نووسراوێک دەداتە ئەنجوومەنی وەزیران