رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی سلێمانی رەتیدەکاتەوە ئەو کچەی لە گەڕەکی قولەڕەیسیی شارەکە دیار نەماوە، لەلایەن گەریلاکانی پەکەکە رفێندرابێت و دەڵێت، "هیچ کچێک لە سلێمانی نەڕفێندراوە."
عەلی محەممەد حەمێ، برای ئەو کچە دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خوشکەکەی ناوی (مەنەسا محەممەد حەمێ)یە و تەمەنی 15 ساڵە. رۆژی هەینیی رابردوو، لەنێوان کاژێر 02:00 بۆ 03:00ی پاشنیوەڕۆ، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیاندا بە ئۆتۆمبێلێک رفێندراوە.
ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەممووزی 2026 رایگەیاند، "لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتە هەواڵێک لە کەناڵی رووداو، دەستبەجێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە کراوە."
بە گوتەی ئاسایشی سلێمانی، دوای سەیرکردنی کامێرای چاودێریی ئەو کۆڵانەی کە (مەنەسا محەممەد) لێی نیشتەجێ بووە، دەرکەوتووە هیچ حاڵەتێکی رفاندن رووینەداوە و کچە تەمەن 15 ساڵانەکە بە ویستی خۆی رۆشتووە.
بە گوێرەی ئەو راپۆرتە پزیشکییانەی دەست رووداو کەوتووە، مەنەسە محەممەد نەخۆشیی دەروونیی هەبووە. ئاسایشی سلێمانییش جەختی لەسەر ئەم لایەنە کردووەتەوە و دەڵێ، "کچەکە باری دەروونیی ناجێگیر بووە، کە گەیشتووەتە ئەو شوێنەی خۆی مەبەستی بووە پەیوەندیی بە کەسوکاریەوە کردووە."
ئەو خێزانە خەڵکی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن، نزیکەی 6 ساڵە لە گەڕەکی قولەڕەیسیی سلێمانی نیشتەجێن.
عەلی محەممەد، برای ئەو کچە بە رووداوی گوتبوو، "ئەوەندەی ئاگادارین خوشکەکەم پەیوەندیی لەگەڵ هیچ کەسێک لە قەندیل یان ناوشار نەبووە. دوای رۆژێک لە رفاندنی، ئەو کەسەی بردبووی پەیوەندیی پێوە کردین و گوتی خۆم بە ئۆتۆمبێل بردوومە. دوای رفاندنەکەش تەنیا بۆ ماوەی چەند خولەکێک رێگەیان دا خوشکەکەم قسەمان لەگەڵ بکات؛ دایکم قسەی لەگەڵ کرد و داوای لێکرد بگەڕێتەوە، خوشکەکەم دەستی بە گریان کرد، بەڵام خێرا مۆبایلەکەیان لێسەندین و نەیانهێشت قسەکانمان تەواو بکەین."
عەلی محەممەد حەمێ، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپەلە خوشکەکەی بگێڕنەوە بۆ نێو خێزانەکەی، چونکە بەهۆی تەمەنەکەی و تێکچوونی دۆخی دەروونییەوە، لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە و پێویستی بە چاودێرییە.
.jpg&w=3840&q=75)


