رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاژێر 06:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی بۆ سەرجەم بەشداربووان بڵاودەکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 13-07-2026 عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رووداوی گوت، "لە تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاست (Placement test)ـی زمانی ئینگلیزیدا، کە لە رۆژانی 6 تاوەکو 9ـی تەممووزی 2026 بەڕێوەچوو، 2 هەزار و 915 خوازیار لە 15 سەنتەری زمانی زانکۆ حکومییەکان بەشدارییان کردووە."
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ کاژێر 06:00ی ئێوارە ئەنجامەکان رادەگەیێندرێن و دوای ئەوەش پڕۆسەی ناونووسین و پێشکەشکردن بۆ خولەکان دەستپێدەکات.
خوازیاران دەتوانن لە رێگەی بەستەری (https://lc.digital.gov.krd) لە بەشی (Result) ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.
ئەم تاقیکردنەوەیە بە مەبەستی دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزییە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت نازناوی زانستی بەدەستبهێنن یان بۆ مەبەستی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بەشداریی خولەکانی فێربوونی زمان دەکەن.




