رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆمپانیای سپەیس ئێکس داواکاری کارکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی ستارلینکی پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و حکومەتیش پێشوازی لێدەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە کە شەوی 13ـی تەمموز بڵاوکراوەتەوە، سەرەتای مانگی حوزەیران کۆمپانیای سپەیس ئێکس داواکاری کارکردنی پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، تاوەکو بتوانن خزمەتگوزارییەکانیان لە سنووری هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی بخەنە کار.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای گفتوگۆکردن لە رێگەی پەیوەندیی ئەلیکترۆنییەوە، 30ـی مانگی رابردوو ستافی کۆمپانیاکە و لیژنەیەکی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەتەوە.
وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت: "بابەتە پەیوەندیدارەکانی کارکردنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و رێکارەکان تاوتوێ کرا؛ مەرج و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن خرایەڕوو، کە پێویستە رەچاو بکرێت لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوەی کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەکات؛ زۆر بە گرنگی دەڕوانێتە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە رێگەی ستارلینکەوە".
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن، بەڕێوەبەری یاسایی، بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیر و نوێنەری دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها بەشداربووانی کۆمپانیای سپەیس ئێکس پێکهاتبوون لە سەرپەرشتیاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لێپرسراوی وەرگرتنی رێگەپێدانی کۆمپانیاکە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "کۆمپانیای سپەیس ئێکس بەشێکە لە خزمەتگوزارییە پێشکەوتووەکانی گەیاندن لە جیهان، کە پێویستە بەردەستبێت لە سنووری هەرێمی کوردستان و دوای جێگیرکردنی رێنمایی تەکنیکی پێویست، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بێت، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی دیکە بەرەو دەستەبەرکردنی فرەچەشنیی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان".
کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە ساڵی 2002 لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە دامەزرا، لە کۆمپانیایەکی تایبەتی بچووکی مووشەکەوە گەشەی کردووە بۆ هێزێکی باڵادەست لە کەرتی بۆشایی ئاسماندا.
ستارلینک، بەشی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی کۆمپانیای سپەیس ئێکسە و زیاتر لە 8,000 مانگی دەستکردی لە خوولگەی نزیکی زەویدا جێگیر کردووە و خزمەتگوزاری لە سەرانسەری جیهان پێشکەش دەکات.



