رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی فەرمانگەی جێبەجێکردنی داد لە ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان، گرفتی گەورەی بۆ هاونیشتمانیان و پارێزەرانی دەڤەرەکە دروستکردووە. سەرەڕای ئەوەی دادگای بەرایی لە ناحیەکەدا هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی فەرمانگەی جێبەجێکردن، بڕیارەکان وەک خۆیان جێبەجێ ناکرێن.
محەممەد ئەحمەد، پارێزەر لە سنووری قەسرۆک، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "لە دادگای بەرایی قەسرۆک بڕیار دەردەچێت، بەڵام فەرمانگەی جێبەجێکار نییە تاوەکو بڕیارەکان جێبەجێ بکات. بۆ نموونە، ئەگەر بڕیاری دادگا بۆ گەڕاندنەوەی پارەی کەسێک یان بژێویی (نەفەقە) ژنێک دەربچێت، شوێنێک نییە کارەکانی بۆ رایی بکات."
ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوە دەکات دادگای قەسرۆک سنوورێکی بەرفراوان دەگرێتەوە (زێلکان، کەڵەکچی، چرە، ئەترووش و باعەدرێ)، بەڵام نەبوونی ئەو فەرمانگەیە خەڵکی ناچار کردووە پەنا ببەنە بەر ئاکرێ، بەردەرەش یان شێخان.
محەممەد ئەحمەد کێشەیەکی دیکەی یاسایی دەخاتەڕوو و دەڵێت: "دادگای شێخان سەر بە حکومەتی فیدراڵییە؛ ئەگەر بڕیارێکی قەسرۆک ببەینە ئەوێ، ناتوانن مووچەی فەرمانبەر یان پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی پێ ببڕن، چونکە فەرمانگەکەی مووسڵ نووسراو بۆ وەزارەتەکانی هەرێم ناکات. ئەمەش رۆتینێکی زۆر و کێشەی بۆ ئەو ژنانە دروستکردووە کە جیا دەبنەوە."
مەهران نێروەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک، رایگەیاند، فەرمانگەی جێبەجێکاری داد یەکێکە لە پێداویستییە هەرە گرنگەکانی خەڵکی ناوچەکە و گوتی: "وەک ئیدارەی ناحیە بە فەرمی نووسراومان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە. کێشەکە زیاتر پەیوەندی بە میلاکی فەرمانبەران و دۆخی داراییەوە هەیە، ئەگەرنا ئێمە ئامادەین بینای تایبەت بۆ فەرمانگەکە دابین بکەین."
سەبارەت بەم داواکارییە، نەریمان تاڵب، گوتەبێژی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کێشەکە لای ئەوان بابەتێکی ئیدارییە و ئامادەن بۆ بەدواداچوون. گوتیشی: "داوا لەو پارێزەر و کەسانە دەکەین کە کێشەکەیان هەیە، راستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن تاوەکو لە نزیکەوە لە گرفتەکە بکۆڵینەوە و چارەسەری بکەین."



