رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی بەشێکی گەڕەکی 8 هەزاری فەرمانبەران لە شاری هەولێر بەدەست نەبوونی تۆڕی فەرمی کارەباوە دەناڵێنن و بە ناچاری بە "دار و وایەر" کارەبایان راکێشاوە. بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێریش دەڵێت، بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەتوانراوە پڕۆژەی کارەبایان بۆ جێبەجێ بکرێت و وەک "سەرپێچی" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئارام، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی 8 هەزاری فەرمانبەران بە رادیۆی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری و تۆڕی فەرمی نەگەیشتووەتە بەشی زۆری گەڕەکەکەمان. ئێمە بە ناچاری بە وایەر و دار کارەبامان راکێشاوە و تاوەکو ئێستاش نازانین پارەی کارەبامان چۆن لەسەر هەژمار دەکرێت."
کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئەو گەڕەکە نوێیانەی لە هەولێر کێشەی تۆڕی کارەبایان هەیە، دەرخستەمان بۆ کردوون، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوە، نەمانتوانیوە تۆڕی فەرمییان بۆ دابنێین. بۆیە ئەو هاووڵاتییانەی بە دار و وایەر کارەبایان بردووە، بەپێی رێنماییەکان وەک کارەبای سەرپێچی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."
سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنی پارەی کارەبا لەو ماڵانەی پێوەریان نییە، کەمال عەساف روونیکردەوە، "پشت بە مۆڵەتی بیناکە یان ئەو رێکەوتە دەبەستین کە هاووڵاتییەکە تێیدا نیشتەجێ بووە، بەپێی ئەو ماوەیە پارەکەی بۆ هەژمار دەکرێت. ئێمە ناتوانین هاوبەشی فەرمی (پێوەر) بۆ هیچ هاووڵاتییەک بکەینەوە ئەگەر ستوونی کارەبا لە 30 مەتر دوورتر بێت لە خانووەکەیەوە."
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گەڕەک و سیتییانەی کە تۆڕی فەرمی و پێوەری زیرەکیان بۆ دانراوە، نرخە کۆنەکەیان بۆ هەژمار ناکرێت.
کەمال عەساف گوتی، "لەو شوێنانەی پێوەری زیرەک هەیە، تەنانەت ئەگەر هاووڵاتییەکە خۆشی تۆمار نەکردبێت، سیستمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و بەپێی پڕۆژەی (رووناکی) نرخەکەی بۆ هەژمار دەکات، چونکە سیستمەکە خۆی خوێندنەوە بۆ کیلۆواتەکان دەکات و نرخی کۆنی کارەبا نەماوە."



