رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووکەوە بۆ شاری ئەنتاڵیای تورکیا کرا و بڕیارە هەفتانە دوو گەشت بکرێن.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 15:40 خولەکی ئەمڕۆ سێشەممە، یەکەم گەشتی راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووکەوە بەرەو شاری ئەنتاڵیا-ی تورکیا لە رێگەی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق کرا.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک، هەفتانە دوو گەشتیی ئاسمانی لە کەرکووکەوە بۆ ئەنتاڵیا رێکدەخرێن کە رۆژانی سێشەممە و هەینییە. کردنەوەی هێڵەکەش، لە ئەنجامی زیادبوونی داواکاریی گەشتیارانە لە وەرزی هاویندا.
هەردی سەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە گەشتیی ئاسمانی دەکرێن بۆ شارەکانی ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ترابزپۆن و ئەنتاڵیا (تورکیا)؛ مەدینە (سعودیە)، دووبەی (ئیمارات)؛ بەیرووت (لوبنان) و باکۆ ( ئازەربایجان).

.png&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
