رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پۆلیس لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی، لە دوو چالاکیی جیاوازدا چوار تۆمەتباریان بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل دەستگیرکرد. تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێش سێ رۆژ لە سەنتەری قەزای ئاکرێ ئۆتۆمبێلێکی جۆری "نیسان سەنی" لەلایەن تۆمەتبارێکەوە دزرابوو.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتی، دوای ئەوەی بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی گرتن بۆ تۆمەتبارەکە دەرچوو، ئەمرۆ لەلایەن پۆلیسی قەزای سێمێلەوە تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا. لە ئێستادا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکەدا گیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکە بەردەوامە.
لە سلێمانی باندێکی دزی دەستگیرکران
هاوکات لە پارێزگای سلێمانی، مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەکرەجۆ ، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە لەبەردەم ماڵی هاووڵاتییەکدا دوو ماتۆڕسکیلیان دزیبوو.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای سکاڵای هاووڵاتییەک و بەدواداچوونی ورد و سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری، توانرا هەر سێ تۆمەتبارەکە بە ناوەکانی (د، ع، ک )، ( گ، ک، ا ) و ( ئ، م، ا) بدۆزرێنەوە و دەستگیر بکرێن.
بەپێی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە جگە لەو دوو ماتۆڕسکیلە، 10 تاوانی دیکەی دزینی ماتۆڕسکیلیان لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی کردووە.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکان بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
.jpg&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)

