رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر ئامێرەکانی فێنککەرەوە زیاد بووە، نرخی پووشی مووبەریدەش لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە. خاوەنی کارگەیەک دەڵێت، مادەی خام بۆ دروستکردنی پووش لە چینەوە هاوردە دەکرێ و ئێستا تێچووی گواستنەوەیان زۆرە.
ئەحمەد قەڵادزەیی، خاوەنی یەکێک لەو کارگەکانی هەولێر رۆژی سێشەممە، 14ی تەمموز بە رووداوی گوت: "کارگەکەمان توانای دابینکردنی پێویستی بازاری هەیە و رۆژانە بڕێکی زۆر پووش بۆ بازارەکان دابین دەکات، بەڵام گرانبوونی کارەبای نیشتیمانی و ماددە خامە هاوردەکراوەکان لە چین، رێگرن لە دابەزاندنی نرخ."
دوو کارگەی بەرهەمهێنانی (پووشی کارتۆنی) بۆ موبەریدە لە هەولێر هەن و توانای دابینکردنی پێویستی بازاریان هەیە.
هاوڕێ کەلهوڕی، فرۆشیار لە بازاڕی هەولێر، بە رووداو گوت: دوو جۆر پووشی موبەریدە لە بازاردا هەیە. جۆری کۆن لە وردەدار دروست دەکرێت و نرخی سێ دانەکەی نزیکەی 10 هەزار دینارە. بەڵام جۆری نوێی کارتۆنی لە 20 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و تا دەگاتە 100 هەزار دینار. ئەم جۆرە داواکاریی زۆری هەیە، چونکە بۆ موبەریدە مۆدێل نوێکان بەکاردێت.
ئەو فرۆشیارە ئاماژەی بەوەشدا: پێشتر نرخی سێ دانە پوشی کارتۆنی قەبارەی (چوار و نیو) بەنرخی 35 هەزار دینار بوو ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 50 هەزار دینار قەبارەی (پێنج و نیو) لە 50 هەزار دینارە بۆ 75 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، جۆری جیاوازی موبەریدە هێندراونەتە بازارەکانی هەرێمی کوردستان. جیاوازییان لەگەڵ جۆرە کۆنەکان ئەوەیە کە پووشەکانیان لە کارتۆن دروست دەکرێن و نرخەکانیانیش بەپێی قەبارە دەگۆڕێت.
جەمال نامیق، هاونیشتمانییەکە لە هەولێر هەموو ساڵێک پووشی موبەریدەکەی دەگۆڕێت، کە لە جۆری کارتۆنییە. ئەو بە رووداوی گوت: "موبەریدەکەم قەبارەی 5.5 ـە. ساڵی رابردوو سێ دانە پووشم بە 50 هەزار دینار کڕی، بەڵام ئەم ساڵ هەمان شتم بە 75 هەزار دینار کڕیوە."
لە بازارەکانی کوردستان دوو جۆری پووشی کارتۆنی هەن. بە گوتەی فرۆشیارێکی ئامێرەکە، "جۆری خراپ"، کە لە کاتی کارکردنی موبەریدە بۆنی ناخۆش بڵاودەکاتەوە، و "جۆرە باشەکە، کە هیچ بۆنێکی نییە." ئەو پووشانە لە پێنج قەبارە بەردەستن: 2.50، 3.50، 4.50، 5.50 و 6:50.
.png&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

