رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نرخی یەک کیلۆ مریشک لە پەلەوەرخانەکان بۆ سێ هەزار دینار بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ وەرزی گەرما و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق گەڕاندەوە.
رۆژی چوارشەممە 15ـی تەممووزی 2026، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "نرخی کیلۆیەک مریشک لە پەلەوەرخانەکان لە دوو هەزار و 500 دینارەوە بۆ 3000 دینار بەرز بووەتەوە، ئەگەری هەیە لە بازاڕەکانیش بەرز ببێتەوە."
لەبارەی هۆکارەکانی ئەم گرانبوونە، فیراس سدیق ئاماژەی بەوە کرد، وەرزی گەرما کاریگەریی زۆری هەبووە، چونکە زۆربەی هۆڵەکانی بەرهەمهێنان کۆنن و ناتوانرێت وەک پێویست سارد بکرێنەوە، ئەمەش وایکردووە بەرهەمهێنان بە گشتی کەم ببێتەوە، جگە لەوەش خواست زۆر بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ دەڵێت، تێچووی بەرهەمهێنانی مریشک زیادی کردووە، ئێستا بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ مریشک 2,250 دینار لەسەر خاوەن پەلەوەرخانەکان دەکەوێت، ئەوەش بەهۆی خەرجییەکانی ساردکردنەوەی هۆڵەکان.
فیراس سدیق گوتی: "ئەم بەرزبوونەوەی نرخە کاتییە. زۆرجار لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هەندێک نەخۆشیی ئاسایی پەلەوەر بڵاودەبنەوە کە دەبنە هۆی مرداربوونی مریشکەکان، ئەمەش کاریگەریی لەسەر خستنەڕوو و نرخ لە بازاڕدا دروست دەکات."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان لە هەرێمی کوردستان بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە


.jpeg&w=3840&q=75)
