رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زیاتر لە 17 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان راگەیاند. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیانیش دەڵێت: "لە وەجبەی یەکەمدا زیاتر لە 4 هەزار و 500 پارچە زەوی دابەشکراون".
رۆژی چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکانی گەرمیان و بە ئامادەبوونی جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بڕیاریانداوە بە دابەشکردنی زیاتر لە 17 هەزار پارچە زەوی و هەر ئەمڕۆش دەستیان پێکردووە.
لەبارەی وەردەکارییەکەی، ئەرسەلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ وەجبەی یەکەمی ئەو 17 هەزار پارچە زەوییە دابەشکرا. پرۆسەکە لە دوو قەزا و ناحیەی سەر بە شارەوانییەکانمان دەستیپێکردووە، کە ئەوانیش کفری و رزگارین."
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە قۆناخی یەکەمدا سوودمەند بوون، ئەرسەلان ئەحمەد بە رووداوی گوت: "لە قەزای کفری 2 هەزار و 133 پارچە زەوی و لە ناحیەی رزگاریش 2 هەزار و 420 پارچە زەوی دابەشکران. سوودمەندبووان پێکهاتبوون لە هەموو چین و توێژەکان، لەوانە کارمەندانی سەربازی، مەدەنی و فەرمانبەرانی هەموو وەزارەتەکان."
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان دڵنیایی دایە فەرمانبەران و رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا دەست بە وەجبەی دووەمی دابەشکردنی زەوییەکان دەکەن و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو ئەو کەسانەی ناویان گەڕاوەتەوە، سوودمەند دەبن.
پێدانی زەوی بە فەرمانبەران پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە کە لە 27-03-2024 دەرچووە.
زانیاری لەبارەی زەوییەکان
- رووبەری زەوی: 200 مەتر دووجا.
- شێوازی دابەشکردن: تیروپشک.
- پێوەر: سیستمی خاڵبەندی.
- مەرجی سەرەکی: هەبوونی لانیکەم 8 ساڵ خزمەت و سوودمەند نەبوون لە پێشووتردا.


.jpeg&w=3840&q=75)
