رووداو دیجیتاڵ لە قەزای شارەبان، دەرمانسازێکی تەمەن 27 ساڵ بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا، نزیکەی سێ هەزار حەبی جۆراوجۆری هۆشبەری پێبووە. سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای دیالە، رۆژی چوارشەممە (15ی تەممووزی 2026)، بە رووداوی راگەیاند: "تیمێکی ئەمنی هاوبەشی پۆلیس و پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە قەزای شارەبان، لە رێگەی بۆسەیەکی ورد و پلانداڕێژراوەوە، توانییان ئەو دەرمانسازە دەستگیربکەن، کە تۆمەتبارە بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر." سەرچاوە ئەمنییەکە راشیگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری و چاودێریکردنی پێشوەختەی جوڵەکانی تۆمەتبارەکە کراوە." تۆمەتبار ناوی (و.س.م)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1999ـەیە و وەک پزیشکی دەرمانساز لە شارەبان لە یەکێک لە دەرمانخانەکان کاری کردووە. لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو دەرمانسازەدا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەردا گیراوە کە پێکهاتوون لە: هەزار و 900 حەبی هۆشبەر، 80 حەبی برێگابالینی جۆراوجۆر، 950 حەبی ڤالیۆم و سێ بوتڵ شلەی مادەی هۆشبەر. بە گوتەی سەرچاوە ئەمنییەکە، تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی (28) لە یاسای مادە هۆشبەرەکان داواکراو بووە، ئێستا رەوانەی ناوەندێکی راگرتن کراوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت و رێکارە یاساییەکانی بەرامبەر بگیرێتەبەر، دواتر رادەستی لایەنە دادوەرییە تایبەتمەندەکان دەکرێت.
هەواڵە ناوخۆییەکان15-07-2026شارەوانیی گەرمیان بۆ رووداو: 17 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکەین