رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی هەولێر ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەکات. سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، تیروپشکی ئەم قۆناخە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "بۆ سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رەزامەندی بۆ 82 هەزار فەرمانبەر وەرگیراوە. لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 42 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە و پرۆسەکە بەردەوامە".
ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر ئامادەکاری دەکات بۆ دیاریکردنی شوێنی زەوییەکانی قۆناخی هەشتەم.
رووداو زانیویەتی ئەم زەوییانە لە ناوچەی بەرانەتی نزیک گوندی جەژنیکان دابەش دەکرێن. ژمارەیان نزیکەی 6 هەزار پارچە زەوییە.
هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەت، ئەو رۆژنامەنووسانەش کە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن، چاوەڕوانی بڕیاری حکومەتن بۆ وەرگرتنی زەوی.
ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسان ناسنامەکانیان نوێکردووەتەوە، بەڵام سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ دابەشکردنی زەوی بە رۆژنامەنووسان نەدراوە.
بەپێی بڕیاری ژمارە 242ی ئەنجوومەنی وەزیران، لە 27ی ئاداری 2024ـەوە دەرکراوە، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون و ماوەی خزمەتیان لە هەشت ساڵ کەمتر نییە، بەگوێرەی رێنماییە پەیوەندیدارەکان مافی وەرگرتنی پارچە زەویان هەیە.



