رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی هەولێر گلەیی لە درەنگ هەڵکردنی موەلیدە ئەهلییەکان و وەرگرتنی پارەی پێشوەختە دەکەن. سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدەکانیش رایدەگەیێنێت: هەر خاوەن موەلیدەیەک زیاتر لە 25 خولەک لە هەڵکردنی موەلیدەکەی دوا بکەوێت، رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێتەوە.
ئەیاد حەسەن، دانیشتووی گەڕەکی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کێشەی سەرەکیمان درەنگ هەڵکردنی موەلیدەیە؛ هەندێک رۆژ لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی، تەنیا 2 کاژێر کارەبامان دەدەنێ."
هاوکات کازم محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی تارین (مەلا ئۆمەر) ئاماژەی بە کێشەیەکی دیکە کرد و گوتی: "خاوەن موەلیدەکەی ئێمە بەزۆری داوای پارەی پێشوەختە دەکات بە بڕی 10,000 دینار بۆ هەر ئەمپێرێک. هەر کەسێکیش توانای دارایی نەبێت و پارەکە نەدات، کارەباکەی دەبڕدرێت؛ تاوەکو ئێستا کارەبای زیاتر لە 8 ماڵ بەو هۆیەوە بڕدراوە."
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، لەبارەی ئەم گلەییانەوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: ئەوان لەگەڵ تیمی پڕۆژەی رووناکیی وەزارەتی کارەبا رێککەوتوون کە لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی، تاوەکو 25 بۆ 30 خولەک دەرفەت بدرێتە خاوەن موەلیدەکان بۆ کارپێکردن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدەکان هۆکارەکەی بۆ پاراستنی موەلیدەکان گەڕاندەوە و گوتی: "ئەمە بۆ راگرتنی هاوسەنگیی کارەباکەیە و بۆ ئەوەیە رێگری لە سووتانی موەلیدەکان بکرێت، چونکە بەهۆی سیستمی نوێی کارەباوە ناکرێت موەلیدەکان زوو هەڵبکرێن و زوو بکوژێندرێنەوە."
خۆران خۆرانی جەختی کردەوە، هەر خاوەن موەلیدەیەک لە دوای 25 خولەک لە بڕانی کارەبای نیشتمانی موەلیدەکەی هەڵنەکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، لە سنووری پارێزگاکەدا 2,200 موەلیدەی ئەهلیی مۆڵەتپێدراو هەن، کە 1,200 موەلیدەیان لە ناوەڕاستی شار و 1,000 موەلیدەکەی دیکە لە دەوروبەری هەولێرن.



