رووداو دیجیتاڵ
لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا لە هەردوو پارێزگای هەولێر و هەڵەبجە زیاتر لە 320 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. لە ئەنجامی ئەو رووداوانەشدا 25 کەس گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 250 رووداوی هاتووچۆ لە سنووری هاتووچۆی هەولێر روویانداوە. لە ئەنجامی ئەم رووداوانەشدا 18 کەس گیانیان لەدەستداوە."
هاوکات عەقید رێباز کەمال، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە، ئاماری رووداوەکانی شەش مانگی رابردوو (لە 01-01-2026 بۆ 30-06-2026) بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەڕوو.
بەپێی ئامارەکان، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 73 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، کە تێیدا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.
وردەکاریی رووداوەکانی هەڵەبجە:
پێکدادان: 36 رووداو
وەرگەڕان: 24 رووداو
شێلان: 7 رووداو
جۆرەکانی دیکە: 6 رووداو
ئامارەکان دەری دەخەن کە زۆرترین رووداوەکان بەهۆی ئۆتۆمبێلەوە بوون کە 39 رووداو بووە، دوای ئەویش ماتۆڕسکیل دێت بە 31 رووداو.
سەبارەت بەو حەوت کەسەی گیانیان لەدەستداوە، عەقید رێباز کەمال گوتی: "پێنج کەسیان لە رووداوی ئۆتۆمبێل (سێ نێر و دوو مێ)، یەک کەس لە رووداوی ماتۆڕسکیل (نێر) و یەک کەسیش لە رووداوی پاسکیل (نێر) بووە گیانی لەدەستداوە."
هەروەها لە کۆی ئەو 100 کەسەی بریندار بوون، 46 کەسیان لە رووداوی ئۆتۆمبێل، 51 کەسیان لە رووداوی ماتۆڕسکیل و سێ کەسیشیان لە رووداوی پاسکیل بوون.
بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2024ـدا لە هەرێمی کوردستان 779 رووداوی هاتووچۆ روویاندا و لە ئەنجامیاندا 98 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 437 کەسیش بریندار بوون.
ئاماری ساڵی 2023 بەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2022ـی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لەو ساڵەدا سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندا. لەو رووداوانەدا 445 کەس گیانیان لەدەستدابوو و حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار ببوون.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)
