رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، بەشێکی زۆری ئاگری چیای گۆیژە کۆنترۆڵکراوە و کاتی زیاتریان پێویستە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی؛ دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانیش بڵاویکردەوە، ئاگرەکە بەهۆی هێرشێکی ئەوانەوە بۆ هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 22ی تەممووزی 2026، پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، دەوروبەری کاژێر 12ی شەو ئاگرێکی گەورە لە شاخی گۆیژە کەوتووەتەوە، بەتایبەتی لە پشتی پڕۆژەی شاری ئارام و پشتەوەی هۆتێل تایتانیک. تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە، بەڵام رووبەرێکی فراوانی شاخەکە سووتاوە.
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرەکە شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "تیمەکان بەشێکی زۆری ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە و بەشی سەرەوەی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە"؛ دەشڵێت، "کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کاتی پێویستە و دوای کوژانەوەی ئاگرەکە تیمێک چاودێری دەکات بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی".
جێگری پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان بن بۆ دوور بوون لە رووداوی لەو جۆرە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکە دەکەین و دەمانەوێت بیدۆزینەوە".
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پۆلیسی دارستان و تیمەکانی دیکەی پەیوەندیدار دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام چەند هۆکارێک کارەکانیانی زۆر قورس و ئەستەم کردووە؛ لە لایەک شوێنەکە زۆر سەختە، لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵەوە پووش و پەڵاشێکی زۆر لە ناوچەکەدا هەیە. هەروەها بوونی رەشەبا وایکردووە ئاگرەکە خێراتر تەشەنە بکات و بڵێسەی ئاگرەکە دەگاتە بەرزیی باڵای مرۆڤێک، ئەمەش مەترسیی لەسەر ژیانی کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە دروستکردووە.
سەبارەت بە ئاگرەکە، ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران وێنەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، هێرشیاکردووەتە سەر هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو ناوچەیە و ئاگرەکەش لە ئەنجامی ئەو هێرشە کەوتووەتەوە.
سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان، پێشەوا بەختیار دەڵێت: "رووبەرێکی فراوان سووتاوە، بەشێک لە دارسنۆبەرەکان و بەشێکی دیکە لەو دارانەی کە لە ساڵانی رابردوودا چێنرابوون، بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاون." جێگری پارێزگاری سلێمانیش گوتی، لێکۆڵینەوە لە زیانەکان دەکەن.
جێگەی باسە کە لە ساڵانی رابردووشدا هەمان ناوچە رووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە بووەتەوە و زیانی گەورەی بە سرووشتەکەی گەیاندووە. سەرەڕای ئەمانە، پەیامنێری رووداو ئومێدێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە خستەڕوو و رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی گەرماوە ئاگربڕ لە ناوچەکەدا دروستکرابوو. تیمەکان هیوایان بەو ئاگربڕانەیە کە رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە بکەن، بەڵام هۆشداریدا کە ئەگەر ئاگرەکە ئاگربڕەکان تێپەڕێنێت، مەترسییەکی زۆر گەورەتر دروست دەکات.
لەگەڵ ئەوەی ئاگرەکە گەورەیە و مەترسیدارە، بەڵام پێشەوا بەختیار ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا ئاگرەکە لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی کازیوە و شوێنەکانی دیکەی نیشتەجێبوون دوورە و مەترسیی راستەوخۆی بۆ سەر ماڵ و گیانی هاووڵاتییان دروست نەکردووە.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)