رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو کاژێر لە کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە شاخی گۆیژە؛ جێگری پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، "ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە." هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، بە دڵنیاییەوە شوێنە سووتاوەکان سەوز دەکەنەوە و ناهێڵن سەوزایی لە شار ببڕێت.
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لەنزیک ئاگرەکەی شاخی گۆیژە قسەی بۆ پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو کرد و رایگەیاند، "سوپاس بۆ خودا بە هیمەتی تیمەکان ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە. تیمەکان زۆر ماندوو بوون، خۆشبەختانە دەتوانین ئێستا بڵێین ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە."
ئاگرکە دوای زیاتر لە دوو کاژێر کۆنترۆڵکردنی راگەیێندرا، ئەوەش بەهۆی سەختیی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە و رەشەبایەکی بەهێز لە ناوچەکە.
جێگری پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، "هەندێک تیم لێرە دەهێڵێنەوە و خۆمان دەمێنینەوە، بۆئەوەی خوانەخواست ئەگەر ئاگرەکە لە شوێنێکەوە سەریهەڵدایەوە، کۆنترۆڵ بکرێت و تەشەنە نەکات."
سەبارەت بە زیانەکانی ئاگرەکەش شاهۆ عوسمان گوتی، "تاوەکو ئێستا نازانین زیانی ئاگرەکە چەندە، دواتر بەدواداچوونی زیاتر دەکەن و ئەوەش روون دەبێتەوە."
هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش تاوەکو ئێستا نازانرێت چی بووە، جێگری پارێزگاری سلێمانی باسی لەوە کرد، هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکە و دواتر لەڕێگەی دادگاوە رێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر. هەروەها گوتیشی، رێوشوێنەکان تووندتر دەکەن بۆئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە بکەن.
لەبارەی ئەو شوێنانەی لە شاخی گۆیژە سووتاون، شاهۆ عوسمان دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆمپانیاکان و خێرخوازان سەوزیان دەکەینەوە و ناهێڵین سەوزایی لە شار ببڕێت."
جێگری پارێزگاری سلێمانی ئەوەی ئاشکرا کرد، "ئەوەی روون بووەتەوە بۆمان، ئاگرەکە لە بەشی سەرەوەی شاخی گۆیژە هاتووە،" بەڵام زانیاریی زیاتر لەوەی نەخستەڕوو.
ساڵی پار ساڵێکی پڕ باران بوو، پووش و پاوانێکی زۆر بەو هۆیەوە هەیە، بە گوتەی شاهۆ عوسمان، "رێکاری زۆر لە ئاگربڕ و دابینکردنی پێداویستیی ئاگرکوژاندنەوە گیرانەبەر بۆئەوەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە نەبێت، بەڵام زەحمەتە بتوانیت 100% رێگری بکەیت لە کەوتنەوەی ئاگر."
جگە لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و هێزە ئەمنییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان و خەڵکی شاری سلێمانی هەر زوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە روویان لە شاخی گۆیژە کرد.
مام حەمەسەعید کە زیاتر لە 40 ساڵ باخەوانی شاخی گۆیژە بووە، کاتێک بیستوویەتی ئاگر لە شاخەکە بەربووە، خۆی پێنەگیراوە و چووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە. ئەو بە دڵتەنگییەوە گوتی، "دڵم پڕە و جەرگم بۆی ژان دەکات."
هەر سەبارەت بە ئاگرەکە، ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران وێنەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، هێرشیان کردووەتە سەر هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو ناوچەیە و ئاگرەکەش لە ئەنجامی ئەو هێرشە کەوتووەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)