رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەردی بناخەی پڕۆژەی دروستكردنی شەقامێكی 20 مەتری و ئاوەڕۆی كۆنكرێتییان لە رێگەی هەولێر – پیرمام دانا و کارکردن تێیدا دەستیپێکرد. بەرپرسێکی شارەوانی دەڵێت، بە شەش مانگ تەواو دەکرێت.
راگەیێندراوەکەی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ 23ـی تەمموزی 2026 بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "بە گوژمەی 4 ملیار و 772 ملیۆن و 995 هەزار دینار لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی دروستکردنی شەقامێکی 20 مەتری و ئاوەڕۆی سندووقی كۆنكرێتی بۆ شەقامێكی رێگەی هەولێر – پیرمام جێبەجێ دەکرێت".
رەنجدەر ئومێد، سەرپەرشتیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، شەقامەکە لە شەقامی شاری زێڕینەوە دەستپێدەکات تاوەکو پشت گوندی ئیتاڵیی 2 دەڕوات و لەوێوە بە شەقامێکی دیکە گرێدەدرێت و دەگەیێندرێتەوە شەقامی 120 مەتری".
ئەو سەرپەرشتیارەی شارەوانی هەولێر گوتی، تەواوکردنی شەقامەکە شەش مانگ کاتی بۆ دانراوە و بە تەواوبوونی بەشێکی قەرەباڵخیی سەر رێگەی سەرەکیی (هەولێر - پیرمام) کەم دەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پڕۆژەکە ئاوەڕۆی سندووقیی کۆنکریتی بە درێژیی 1580 مەتر، خۆڵكاری، پڕكردنهوه و بڕین، تێكهڵه و راخستنی بهردی شكا و كیربستون و قیڕكردن، هەروەها دروستكردنی شۆسته به درێژیی 7200 مەتری دووجا لە خۆ دەگرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "پڕۆژەکە رۆڵێکی بنەڕەتی و گرنگ دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاوی باران و رێگری لە مەترسییەکانی لافاو لە ناوچەکەدا".


.jpg&w=3840&q=75)