رووداو دیجیتاڵ
هاتنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە دەروازەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکردووە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئامادەکاری کراوە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراک و شوێنی مانەوەیان بۆ ئامادە دەکات. لە سلێمانیش خواردن، شوێنی مانەوە و گواستنەوەی زیارەتکاران بێبەرامبەر دابیندەکرێت.
هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵیش لە دەروازە نێودەوڵەتییەکانی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی، زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە ئێرانەوە دەچنە کەربەلا و نەجەف.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ 23ـی تەمموزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەکو ساڵانی رابردوو هەموو پێداویستییە لۆجستییەکان دابینکراوە و هاتنی زیارەتکاران لە سنووری دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەولێر و لێرەوە بۆ کەربەلا دەستیپێکردووە".
پارێزگاری هەولێر گوتی: "پرۆسەی هاتنی زیارەتکاران بەردەوامە بۆیە هێشتا ئاماری وردی ژمارەی هاتنیان بەردەست نییە. وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە".
دەزگای خێرخوازی بارزانی، خواردن و خواردنەوە، شوێنی مانەوە و پشوودان بۆ زیارەتکاران دابیندەکات. ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتنی زیارەتکاران دەستیپێکردووە و ئێمە پێداویستییەکانیان بێبەرامبەر پێشکێش دەکەین".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی دەزگای خێرخوازی بارزانی، زیارەتکاران لە سێ شوێن پشوو دەدەن و خزمەتگوزارییان پێشکێش دەکرێ، ئەویش لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، لە کانی ماران و دوایین وێستگەشیان لە هەولێر پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێرە.
ئیسماعیل عەبدولعەزیز گوتی: "زیارەتکارێک بێتە سنووری هەولێر و بمێنێتەوە سێ ژەم خواردن و خواردنەوە و شوێنی مانەوەی بۆ دابین دەکرێت. ئێستا جگە لە ئێرانی، 11 زیارەتکاری ئازەربایجان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر ماونەتەوە و شوێنیان بۆ دابینکراوە".
دەروازەی باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بۆ چۆنێتی زانینی پێشوازی لە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی دەروازەکەیان کردووە و لەگەڵ سەرپەرشتیاری دەروازەکە کۆبوونەتەوە.
لە راگەیێندراوی دەروازەکەدا هاتووە: "کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بۆ پێنجەمین ساڵە پێشوازی لە زیارەتکاران دەکات؛ سەرجەم ئامادەکارییەکان لە رووی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، شوێنی پشوودان، پێشکێشکردنی ئاو و خواردن، ئامادەکردنی وێستگەکانی گواستنەوەیان بۆ شاری سلێمانی و فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ زیارەتکاران دابینکراون".
ساڵی 2024 نزیکەی 200 هەزار زیارەتکار لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانییەوە چوونە کەربەلا، پاریش زیاتر لە 100 هەزار زیارەتکار.
ساڵانە لە کاتی هاتنی زیارەتکاراندا بۆ خێرایی راییکردنی مامەڵەی زیارەتکاران، لە هەردوو دەروازەکەوە خاڵەکانی مۆرکردنی پاسپۆرت زیاتر دەکرێن.
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و پار کەوتە 14ـی مانگی ئابەوە، ئەمساڵیش دەکەوێتە 4 بۆ 5 ئاب.

