رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شێڵتەری ئاژەڵان لە هەولێر راگەیاند، لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا نزیکەی پێنج هەزار سەگی بەرەڵڵا لەنێو سەنتەری شار کۆکراونەتەوە و پرۆسەی کۆکردنەوە و نەزۆککردنی سەگەکانیش بەردەوامە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، حەسەن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری شێڵتەری ئاژەڵانی هەولێر بە رووداوی رایگەیاند: "نەشتەرگەریی بۆ نەزۆککردن، ماوەیەک بوو وەستابوو، بەڵام چەند مانگێکە دەستمان پێکردووە و ئێستا هەفتانە نزیکەی 30 بۆ 40 سەگ نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، دوای مانەوەیان بۆ ماوەیەک، دووبارە بەرەڵڵای ژینگەی خۆیان دەکرێنەوە."
لەبارەی ئاماری کۆکردنەوەی سەگەکان، حەسەن ئیسماعیل گوتی: " لە 1ـی 1ـی 2026 تاوەکو 22ـی 7ـی 2026، چوار هەزار و 802 سەگ لەنێو سەنتەری شاری هەولێر کۆکراونەتەوە."
بەڕێوەبەری شێڵتەری هەولێر باسی لە شێوازی کارکردنی تیمەکانیان کرد و دەڵێت: "ئێمە دوو تیممان هەیە و رۆژانە، جگە لە رۆژانی هەینی، بەردەوام لەسەر هێڵین. تیمەکانمان بەپێی سکاڵا و پەیوەندیی هاووڵاتییان دەچنە گەڕەکەکان؛ هەندێکجار لە گەڕەکێک 10 سەگ و هەندێکجاریش دوو بۆ پێنج سەگ کۆدەکەنەوە و رەوانەی شێڵتەری دەکەن."
بەپێی ئامارەکانی شێڵتەری هەولێر، لە مانگی ئەیلوولی (9)ـی ساڵی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 26 هەزار سەگ لە سەنتەری هەولێر کۆکراونەتەوە.
لە هەولێر شێڵتەرێکی سەگ لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بە گوژمەی زیاتر لە 480 ملیۆن دینار دروستکراوە و دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر - گوێڕ.


