رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا کە ناوتۆمارکردن بۆ حەج کراوەتەوە، نزیکەی هەشت هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 23ـی تەمموزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆسەی ناوتۆمارکردن بە دروستی بەڕێوەدەچێت و ئەوانەی دەیانەوێ ساڵی داهاتوو بچنە حەج، دوایین کات 5ـی مانگی داهاتووە بۆ ناونووسین".
21ـی تەمموز ناونووسین بۆ حەج بۆ ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەستیپێکرد.
بەگوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانەیساڵانی پێشوو ناویان بۆ حەج نووسیوە و ناویان نەهاتووەتەوە دەبێت دووبارە ناویان تۆمار بکەنەوە. هەر کەسێکیش پێشتر حەجی کردبێ مافی نییە دووبارە ناوی تۆمار بکاتەوە.
پار ناونووسین بۆ حەج، لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ـی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکاریان لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پێشکێش کرد، لەو ژمارەیە 5120 بە تیروپشک ناویان دەرچوو.
ئەم ساڵ 7ـی ئایار یەکەم گەشتی حاجیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەستیپێکرد و دوایین گەشت 17ـی ئایار بوو.



