رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایدەگەیێنێت، کێشەی دیاریکردنی رێژەی قەرەبووی جووتیاران بووەتە کێشە لەبەردەم دابەشکردنی زەوی بەسەر نزیکەی 30 هەزار فەرمانبەری سنوورەکەدا و چاوەڕێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانن بۆ چارەسەرکردنی. دەشڵێت، وەک قۆناخی یەکەم، سێ هەزار پارچە زەوی ئامادەیە و لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دابەش دەکرێن.
رێباز پیرۆت، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی راپەڕین بە رووداوی رایگەیاند، "لە ئیدارەی راپەڕین، 13 شارەوانی هەیە. سێ لەو شارەوانییانە هەر لە بنەڕەتدا زەوییان نەبووە، چونکە زەوییەکان نەکراون بە ناوی وەزارەتی داراییەوە."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو زەوییانەی دابەشی دەکەن، رێباز پیرۆت گوتی: "لەگەڵ شارەوانیی رانیە، نزیکەی 30 هەزار فەرمانبەر لە سنوورەکەدا هەن کە ئەمەش رێژەیەکی زۆرە. هەموو زەویی پێویستمان لەبەردەستدا نییە، بۆیە ویستوومانە سەرەتا کێشەکانی ئیفراز و قەرەبوو چارەسەر بکەین، ئینجا بەلایەنیکەمەوە 50% بۆ 60%ـی زەوییەکان دابین بکەین و دواتر دەست بە دابەشکردن بکەین."
بەرپرسەکەی ئیدارەی راپەڕین گوتیشی: "کێشەی سەرەکیی ئێمە قەرەبووە. لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رێژەی 2% وەک قەرەبووی ئەو زەویانە تەرخان کراوە کە تەنیا مافی بەکارهێنانیان (حەق تەسەڕوف) هەیە. لە ئیدارەی راپەڕین، زیاتر لە 90%ـی ئەو زەویانەی دەکەونە سنووری شارەوانییەکانەوە، لەم جۆرەن."
لە ساڵانی رابردوودا بە بڕیارێکی تایبەت، جووتیارانی سنوورەکە 4% قەرەبوو کراونەتەوە، بۆیە ئێستا جووتیاران بە رێژەی 2% رازی نین. رێباز پیرۆت گوتی: "ئێمە ئەم بابەتەمان چەند جارێک لەگەڵ وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران باس کردووە. دواجار وەزیری شارەوانی نووسراوێکی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی ئیدارەی راپەڕین لەو بڕیارە بەدەر بکرێت و رێژەی قەرەبووەکە بکرێتەوە بە 4%. تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی نووسراوەکەین."
سەبارەت بە وادەی دابەشکردنی زەوییەکان، ئەو بەرپرسە دڵنیایی دا کە پرۆسەکە راناگیرێت و گوتی: "بۆ زانیاریتان، ئێمە نزیکەی سێ هەزار پارچە زەویمان ئامادەیە. ئەم سێ هەزارە وەک قۆناخی یەکەم دابەش دەکەین. لەگەڵ بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوو یان هەفتەی دواتردا دەست بە پرۆسەکە بکەین."


