رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری داشکانی 50% بۆ قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبا دەڵێت، داشکاندنەکە تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت و دەبێت پارەکەش بە یەک گوژمە بدرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، قارەمان سلێمان، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە سەرەتای مانگی ئابەوە داشکانی 50% بۆ قەرزی کارەبا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەموو ئەوانەی پێش پڕۆژەی رووناکی قەرزی کارەبایان لەسەر کەڵەکە ببوو، دەتوانن لە رێی ئی- پسوولەوە قەرزەکانیان بە داشکانی 50% بدەنەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبا، کە ئەم داشکانە تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ دەبێت و دواتر کۆتایی دێت. گوتیشی: "چونکە ئەمجارە بڕی داشکانەکان بەپێی سکێتەرەکان جیاوازە، بۆیە ئێستا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە دەبێت سیستەمێکی ئەلکترۆنی رێکبخرێت کە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و ئێستا لە قۆناخی ئامادەکردنی ئەو سیستەمەداین".
شێوازی پارەدانەکە بە ئەلکترۆنی دەبێت. قارەمان سلێمان گوتی: "قەرزەکان لە رێی ئی-پسوولە دەدرێنەوە و دەبێت پارەکە بە یەک گوژمە بدرێت". واتە ئەگەر هاوبەشێک یەک ملیۆن دینار قەرزار بێت، دەبێت بە یەک گوژمە 500 هەزار دینار بدات بۆ ئەوەی لێخۆشبوونەکە بیگرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبا باسی ئامانجی داشکانەکە دەکات و دەڵێت: "دەمانەوێت هیچ هاوبەشێک قەرزی کۆنی لەسەر نەبێت، بۆ ئەوەی بە لاپەرەیەکی نوێوە دەست بە پڕۆژەی رووناکی بکەنی؛ دوای تەواوبوونی ماوەی داشکانەکە بەپێی دانەوەی قەرزەکان بڕیار لەسەر قۆناخی داهاتوو دەدەین".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگاداری وەزارەتی کارەبا وەریگرتووە، لە ماوەی داشکانەکە هاوبەشان قەرزە کۆنەکەیان نەدایەوە، ئەوە دوای مانگەکە راستەوخۆ قەرزەکە دەخرێتە سەر پارەی مانگانەی پڕۆژەی رووناکی و دەبێت لە ماوەی 50 رۆژدا بدرێت، ئەگەر ئەوکاتیش پابەند نەبوون، ئینجا کارەبایان دەبڕێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا تاوەکو مانگی 10ـی ساڵی 2025 پێش پڕۆژەی رووناکی و بەبێ داشکاندن تریلیۆنێک و 700 ملیار دینارە.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی کارەبا دوای ئەوە دێت، کە رۆژی چوارشەممە، 22-7-2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە مەبەستی هاندانی هاووڵاتییان بۆ دانەوەی قەرزەکانیان، لێخۆشبوون بۆ قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا بکرێت، کە رێژەی 50% بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ و 25% بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و کەرتی گشتی دەستنیشان کراوە.
ئەم داشکاندنانە تەنیا ئەو قەرزە کۆنانە دەگرێتەوە کە پێش دەستپێکردنی (پڕۆژەی رووناکی) لەسەر هاوبەشان کەڵەکە بوون و پارەی مانگانەی پڕۆژەی رووناکی ناگرێتەوە.




