رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی زۆر و سەرهەڵدانی نەخۆشی، پەتاتە لە پارێزگای دهۆک بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ناوچەکەش دەڵێت: ئەمساڵ بەراورد بە پار بۆ نیوە دابەزیوە.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بە پێچەوانەی دانەوێڵە بارانی زۆر کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەتاتە دروستدەکات. کاتێک باران لە وەرزەکاندا زۆر دەبێت، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە نەخۆشییەکی قارچکی و لۆفە، ئەوەش کاریگەریی زۆری لەسەر بڕی بەرهەم دەبێت و کەمی دەکاتەوە."
لەبارەی رووبەری چێندراو و بڕی بەرهەمی پێشبینیکراو، ئەحمەد جەمیل گوتی: "ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێندراوە. پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە 300 هەزار تۆن."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت: "ئەم بڕە بەراورد بە پار نزیکەی 50٪ کەمی کردووە، چونکە پار نزیکەی 600 هەزار تۆن بەرهەممان هەبوو."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک باسی لەوەش کرد کە پڕۆسەی چاندن و کۆکردنەوەی پەتاتە کاتێکی زۆری دەوێت و گوتی: "ئەمە وەرزێکی تەواوە و نزیکەی 6 مانگ دەخایەنێت تاوەکو بەرهەمەکە پێدەگات و رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت."
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە دوو وەرزدا پەتاتە دەچێندرێت، بەرهەمی بەهارە، کە لە مانگی شوبات دەچێندرێت و لە مانگی ئایار و حوزەیران کۆدەکرێتەوە. وەرزی دووەمیش لە مانگی ئابەوە دەستپێدەکات و لە مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم کۆتایی دێت.
رۆژی 16ـی ئەم مانگە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە رووداوی گوت: پەتاتە لە هەرێمی کوردستان گەشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2026 بگاتە زیاتر لە 1 ملیۆن تۆن.
بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دراون بە رووداو، گەشەی ئەو بەرهەمە لە 2019 بۆ 2025 بەم شێوەیەیە:
ساڵی 2019: 119 هەزار و 68 تۆن
ساڵی 2020: 121 هەزار و 662 تۆن
ساڵی 2021: 170 هەزار و 633 تۆن
ساڵی 2022: 347 هەزار و 766 تۆن
ساڵی 2023: 751 هەزار و 530 تۆن
ساڵی 2024: 969 هەزار و 937 تۆن
ساڵی 2025: 1 ملیۆن و حەوت هەزار و 316 تۆن




