رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر راگەیاند، بۆ یەکەمجار و وەک تاقیکردنەوە، بەنزینی 750 دیناری لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دابەش دەکەن، ئەمەش وەک رێکارێک بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و رێکخستنی سەرەی ئۆتۆمبێلەکان. رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانی رۆژی دووشەممە، لە بەنزینخانەی (شەهەم) لە شاری هەولێر، دەست دەکرێت بە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بە کارتی ئەلیکترۆنی. سالار محەممەد گوتی، کە هاووڵاتییان پێویست ناکات کارتی نوێ دەربکەن، بەڵکو دەتوانن هەمان ئەو کارتە ئەلیکترۆنییەی بۆ وەرگرتنی گازی ماڵان بەکاریان هێناوە، لەگەڵ خۆیان بیبەن و لە رێگەیەوە بەنزینەکە وەربگرن. گوتیشی، "لەو بەنزینخانەیە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 40 لیتر بەنزین دابەش دەکرێت." ئەم هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر وەک قۆناخێکی تاقیکردنەوە (تێست) دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی سیستمی نوێی دابەشکردنی سووتەمەنی. پێشتر سالار محەممەد بۆ رووداو گوتی، کە پێشنیازیان بۆ وەزیری سامانە سرووشتییەکان کردووە، کە بۆ رێگریکردن لە قەرەباڵخی، کەمبوونی بەنزین و دروستبوونی سەرەی درێژ، بەنزینی 750 دیناری بە سیستمی کۆبۆن یان کارت بدرێتە شۆفێران. بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی چوونیان بۆ بەنزینخانەی ناوبراو، کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنییان پێ بێت، چونکە بەشداریی هاووڵاتییان لەم تاقیکردنەوەیە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و رێکارە نوێیەکانی دابەشکردنی بەنزین لە داهاتوودا. بۆ هاوسەنگکردنەوەی بازاڕ و کەمکردنەوەی نرخەکان، هەفتەی رابردوو حکومەت نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵی بە 850 دینار، موحەسەن بە 1000 دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاریکردووە. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، پارێزگارەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر سێ پێشنیازی سەرەکییان خستووەتەڕوو؛ کە یەکێکیان دابەشکردنی بەنزینی 750 دینارییە بە کارت و کۆبۆن.