رووداو دیجتاڵ
دوێنێ کۆبوونەوەیەک بۆ دۆخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا چەند پێشنیازێک درانە وەزیری سامانە سرووشتییەکان وەک چارەسەر بۆ دۆخەکە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزیرەکان بۆ هەمان ئامانج کۆدەبنەوە و پێشنیازەکانی دوێنێش تاوتوێ دەکەن.
بۆ چارەسەرکردنی کەمیی بەنزین و رێکخستنەوەی نرخ، دوێنێ کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پارێزگارەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان بەڕێوەچوو، تێیدا چەند پێشنیازێک کران، بێ ئەوەی بڕیاری کۆتاییان لەسەر بدرێ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ 27ـی تەمموز، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان، لەنێویاندا وەرزیری سامانە سرووشتییەکان و وەزیری ناوخۆ، دۆخی کەمیی بەنزین و پێشنیازەکان بۆ چارەسەکردنی دۆخەکە تاوتوێ دەکەن.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ناکەن و پێشنیازەکانی کۆبوونەوەی دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەخرێنەڕوو.
بەگوێرەی بەشدارانی کۆبوونەوەکەی دوێنێ، یەکێک لەو پێشنیازانەی تاوتوێ کراوە ئەوەبووە کە بەنزینی 750 دیناری لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە بدرێتە شۆفێران؛ هەروەها نرخی بەنزینی سوپەر و موحەسەن بە گوێرەی رۆژ بێت.
بۆ دابەزینی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، 20ـی ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێ. رۆژێک دواتریش نرخی بەنزینی موحەسەنی بە هەزار دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاریکرد، جگە لە بەنزینی 750 دیناری کە بەنرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت دەفرۆشرێ.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان چۆنێتی دابینیکردنی بەنزینی بۆ بەنزینخانەکان روون نەکردەوە، لە دوای ئەو بڕیارەشەوە، هەموو جۆرەکانی بەنزین بە تایبەت لە هەولێر و دهۆک کەم بوونەتەوە و بە زەحمەت دەستدەکەون.

